رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی رووسیا، کە بڕیارە لە 18ـی ئەیلوول بۆ ماوەی سێ رۆژ بکرێت، دوو بەربژێری کورد کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسی لە ''دۆما''ی دەوڵەت دەکەن. یەکێکیان پەرلەمانتارێکی دێرینە و ئەوی دیکەیان بۆ یەکەمجارە خۆی بەربژێر دەکات.
لە گەڕەکێکی مۆسکۆ، بەربژێرێکی گەنجی پارتی کۆمۆنیست لە شەقامێکدا بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات، لە کاتێکدا کەمتر لە 10 رۆژ بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکانی رووسیا ماوە، کە بڕیارە لە 18ـەوە تاوەکو 20ـی ئەیلوول بکرێت
دانیل رێنداکۆڤ، بەربژێری پارتی کۆمۆنیست بۆ دومای مۆسکۆ، دەڵێت، "دوو هێزی سەرەکی لەم هەڵبژاردنانەدا هەن؛ پارتی دەسەڵاتداری 'رووسیای یەکگرتوو' و پارتی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆنی سیستەمیش،
پارتی کۆمۆنیستی فیدراسیۆنی رووسیایە. پڕۆگرامی پارتەکەمان هەموو چینەکانی کۆمەڵگەکەمان لەخۆدەگرێت. هەر بۆیەش پارتەکەمان چاوەڕێی ئەنجامێکی گرنگ و پشتگیرییەکی گەورەی دەنگدەران دەکات."
بەگوێرەی هەندێک راپرسی، پارتی دەسەڵاتداری "رووسیای یەکگرتوو" بە رێژەی 36%ـی دەنگەکان لە پێشەوەیە و دوای ئەویش پارتی کۆمۆنیست دێت بە رێژەی دەنگی نزیکەی 15%.
ئۆلگا ئیڤانۆڤنا، کە خانەنشینە، دەڵێت، "منیش وەک هەر هاووڵاتییەک چاوەڕێی گۆڕانکاریم، چ لە رووی کۆمەڵایەتی و چ لە رووی سیاسییەوە، بۆ ئەوەی هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن."
بەهۆی ئەوەی لە رووسیا وەک نەریتێک زۆربەی بانگەشەکانی هەڵبژاردن بەبێ گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوەدەچن، بەربژێرەکەی پارتی کۆمۆنیست بڕیاریداوە راستەوخۆ لە کارگەیەکدا پڕۆگرامەکەی بۆ کرێکاران روونبکاتەوە.
لیۆنید بۆرتنیکۆڤ، سەرۆکی بەشی بەرهەمهێنانی کارگەیەک، دەڵێت، "دەمانەوێت گەشەسەندنێکی جێگیر ببینین. بۆ ئەمەش پێویستە بەرژەوەندییەکانمان بە شێوەیەکی متمانەپێکراو بپارێزرێن."
بەڵام مەکسیم مەکسیمۆڤ، کرێکارێکی هەمان کارگەیە و دەڵێت، "نازانم دەچمە دەنگدان یان نا، بەڵام رێز لەوانە دەگرم کە سەردانمان دەکەن و لەگەڵ خەڵکدا تێکەڵ دەبن."
لە هەڵبژاردنەکاندا، هاووڵاتییانی رووسیا 450 ئەندام پەرلەمان بۆ دومای دەوڵەت و 11 پارێزگار و ئەندامانی 39 ئەنجوومەنی هەرێم هەڵدەبژێرن.
دوو بەربژێری کوردیش بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی دومای دەوڵەتدا دەکەن: زەلیمخان موتسۆیێڤ، کە لە ساڵی 1996ـەوە شەش جار لەسەریەک هەڵبژێردراوە،
هەروەها یوری نابیێڤ، کە بۆ یەکەمجارە لەسەر لیستی پارتی "رووسیای دادپەروەر" لە مۆسکۆ خۆی بەربژێر دەکات.


