رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا رایگەیاند، دوو کەشتیی بازرگانی کە لە دەریای رەشەوە بەرەو بەندەرەکانی ئەو وڵاتە دەچوون، کراونەتە ئامانجی درۆنەکانی رووسیا. لە یەکێک لە هێرشەکاندا، ئاگر لە کەشتییەکی هەڵگری ئاڵای پەنەما کەوتەوە و دەریاوانێکی میسری گیانی لەدەستداوە. هەشت کەسی دیکە کە دەریاوانی تورک و هیندییان تێدابوو، بە بەلەمی رزگارکردن گواسترانەوە.
ئۆلێکسی کولێبا، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا بۆ ئاوەدانکردنەوە و وەزیری پەرەپێدانی کۆمەڵگە و هەرێمەکان رایگەیاند، سوپای رووسیا لە دەریای رەش هێرشی درۆنیی کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە بەرەو بەندەرەکانی ئۆکراینا دەچوون.
کولێبا، لە پۆستێکدا لە سۆشیاڵ میدیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ی حوزەیرانی 2026، دوو کەشتیی بازرگانیی سڤیل کە بەرەو بەندەرەکانی ئۆکراینا دەچوون، کراونەتە ئامانجی درۆنەکانی رووسیا.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا لە ئەنجامی هێرشەکاندا ئاگر لە کەشتییەکی هەڵگری ئاڵای پەنەما کەوتووەتەوە و هاووڵاتییەکی میسریی تەمەن 58 ساڵ کە وەک چێشتلێنەر لە کەشتییەکەدا کاری دەکرد، گیانی لەدەستداوە.
کولێبا رایگەیاند، هەشت دەریاوان کە لەنێویاندا هاووڵاتیی تورکیا و هیندستان هەبوون و لەسەر کەشتییە هێرش بۆ کراوەکە بوون، بە بەلەمی رزگارکردن گواستراونەتەوە. هیچ زانیارییەکی ورد لەبارەی دۆخی تەندروستیی بریندارەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لەو کەشتییانەی هێرشی کراوەتە سەر، کەشتییەکی بارهەڵگری وشکانی بووە بە ناوی "Victress" کە هی کۆمپانیای "Rana Denizcilik"ـە و رۆژی 19ی حوزەیران لە کەناراوەکانی ناوچەی کارتاڵی ئیستەنبووڵەوە بەڕێکەوتبوو. چاوەڕوان دەکرا کەشتییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ 22ی حوزەیران بگاتە بەندەری سولینای رۆمانیا.
وەزیرە ئۆکراینییەکە، ئەوەشی خستەڕوو، رووسیا هەر ئەمڕۆ کەشتیی هەڵگری ئاڵای پالاو و بیلیزیشی کردووەتە ئامانج و هێرشەکانی بە "تاوانی جەنگ" ناوبرد. هاوکات گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە دەگوترێت پەیوەندیی بە هێرشەکەوە هەیە.
تاوەکو ئێستا لایەنی فەرمیی حکومەتی تورکیا هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی رووداوەکە نەداوە.


