رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی رووسیا هەر چوار فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی مۆسکۆیان بە شێوەیەکی کاتی داخست، ئەوەش دوای ئەوەی شەپۆلێکی نوێی درۆنەکانى ئۆکراینا پایتەختیان کردە ئامانج.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 22ی حوزەیرانی 2026 سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ لە تەلەگرامی خۆی رایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی 59 درۆنی دووژمن کە بەرەو شارەکە دەهاتن تێکبشکێنێت. بەهۆی ئەم هێرشانەوە، هەر چوار فڕۆکەخانە سەرەکییەکەی پایتەخت (شێریمێتیێڤۆ، دۆمۆدێدۆڤۆ، ڤنوکۆڤۆ و ژوکۆڤسکی) گەشتەکانیان بۆ ماوەی چەند کاژێرێک راگرت، تاوەکو دواجار کاژێر 05:39ی بەیانی دۆخەکە ئاسایی بووەوە و فڕۆکەخانەکان کرانەوە.
پاشماوەی درۆنە تێکشکێندراوەکان بەر چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون و ناوەندی بازرگانی کەوتوون و بوونەتە هۆی برینداربوونی دەیان کەس.
ئەم هێرشەی بەیانیی ئەمڕۆ درێژەپێدەری زنجیرە هێرشێکی چڕی ئۆکراینایە بۆ سەر ژێرخانی وزەی رووسیا. تەنیا چەند رۆژێک پێش ئێستا، نزیکەی 200 درۆنی ئۆکراینی پاڵاوگەی نەوتی (گازپرۆم نەفت)یان لە مۆسکۆ بۆردوومان کرد، کە دابینکاری سەرەکیی سووتەمەنیی پایتەختە.
لە مۆسکۆ و سانت پێترسبۆرگ، فرۆشتنی بەنزین بۆ هەر کڕیارێک بۆ تەنیا 20 لیتر سنووردار کراوە.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە کاردانەوەیەکدا بۆ ئەم هێرشانە هۆشداریی دا کە مۆسکۆ بە زنجیرەیەک هێرش تۆڵە لە ئۆکراینا دەکاتەوە.



