رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی ئۆبزێرڤەری بەریتانی بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی رابگەیێنێت و خشتەی کاتیی جێهێشتنی پۆستەکەی دیاری بکات، هەرچەندە سەرچاوەیەک لە حکومەتەوە دەڵێت "ستامەر بەردەوامە لە کارەکانی."
گوشارەکان بۆ سەر ستامەر کە چەند مانگێکە دەستیان پێکردووە، رۆژی هەینی گەیشتنە لووتکە؛ ئەوەش دوای ئەوەی ئاندی بێرنهام، رکابەری سەرەکیی ستامەر، کورسییەکی پەرلەمانی بەدەستهێنا، کە رێگەی بۆ خۆش دەکات بە فەرمی رکابەری لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی پارتی کار بکات.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئۆبزێرڤەر، ستامەر ئێستا لە شوێنی حەوانەوەی، لەگەڵ هاوژینەکەی سەرقاڵی تاوتوێکردنی بڕیاری کۆتاییە، بەڵام بەرپرسە باڵاکانی پارتی کار پێشبینی دەکەن رۆژی دووشەممە لێدوانێکی روون لەبارەی داهاتووی خۆیەوە بدات.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەک لە حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، سەرۆکوەزیران جەخت لەسەر راپەڕاندنی ئەرکەکانی دەکاتەوە و پێشتریش ئاماژەی بەوە کردووە کە "بەرگری لە پۆستەکەی دەکات" و داوای لە پارتی کار کردووە تووشی لێکترازان نەبن.
هۆکاری دابەزینی ناوبانگی ستامەر
کیەر ستامەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024دا سەرکەوتنێکی گەورەی بۆ پارتی کار بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی زنجیرەیەک "ئابڕووچوون" و "پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکان"، ناوبانگی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. دەنگدەران پێیان وایە ئەو نەیتوانیوە ئاستی بژێوییان باشتر بکات و کێشە خزمەتگوزارییەکان و پرسی کۆچی نایاسایی چارەسەر بکات.
ئەگەر ستامەر دەست لەکار بکێشێتەوە، بەریتانیا لە ماوەی تەنیا 10 ساڵدا حەوتەمین سەرۆکوەزیران بەخۆیەوە دەبینێت؛ ئەمەش بە بەرزترین رێژەی گۆڕانکاریی سەرۆکوەزیران لە ماوەی دوو سەدەی رابردوودا دادەندرێت.
ئێستا زیاتر لە 100 پەرلەمانتاری پارتی کار (نزیکەی چارەکی فراکسیۆنی پارتەکە لە پەرلەمان) بە ئاشکرا داوای رۆیشتنی ستامەر یان دیاریکردنی وادەیەک بۆ دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن.
ئاندی بێرنهام؛ جێگرەوەی چاوەڕوانکراو
ئاندی بێرنهام، تەمەن 56 ساڵ، کە پێشتر پارێزگاری مانچستەر بوو، وەک بەهێزترین بەربژێر بۆ شوێنگرتنەوەی ستامەر دەبینرێت. بێرنهام رۆژی هەینی لە هەڵبژاردنێکی لاوەکیدا توانی بەسەر بەربژێری پارتی ریفۆرمی نایجل فاراژدا سەربکەوێت و بێتە نێو پەرلەمان.
بێرنهام لە گوتاری سەرکەوتنیدا بەڵێنی "رێگەیەکی نوێ"ی بۆ وڵاتەکە دا، هاوپەیمانەکانیشی داوا لە ستامەر دەکەن بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەسەڵات رادەست بکات.
جگە لە بێرنهام، وێس ستریتینگ، وەزیری پێشووی تەندروستییش ئامادەیی خۆی بۆ رکابەریکردنی ستامەر دەربڕیوە. هاوکات رۆژنامەی تایمز ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر بێرنهام ببێتە سەرۆکوەزیران، رەیچڵ ریڤز، وەزیری دارایی لە پۆستەکەی لادەبات، چونکە پێی وایە ئەو نوێنەرایەتیی گۆڕانکاریی راستەقینە ناکات.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)