رووداو دیجیتاڵ
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەمریکای بەرەو سویسرا جێهێشت. ڤانس رایگەیاند، لەوێ جەخت لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و چەسپاندنی ئاگربەستی لوبنان دەکەنەوە.
رۆژی شەممە 20ـی حوزەیرانی 2026، ڤانس پێش بەڕێکەوتنی لە بنکەی سەربازیی ئاندرووز لە ماریلاند بە رۆژنامەڤانانی گوت: "تەنیا بۆ یەک دوو رۆژ لەوێ دەبم. هیوادارین لە دۆسیەی ئەتۆمی و پرسی ئاگربەستی لوبناندا پێشکەوتن بەدەستبهێنین؛ ئەمانە ئەو دوو بابەتە سەرەکییەن کە جەختیان لەسەر دەکەینەوە."
ئەم گەشتەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، کە دوو رۆژ لەمەوبەر بە شێوەیەکی کتوپڕ گەشتە بڕیارلێدراوەکەی دواخستبوو. ڤانس ئاشکرای کرد، جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردە تایبەتەکانی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکان، پێشتر گەیشتوونەتە سویسرا و سەرقاڵی لایەنە تەکنیکییەکانی گفتوگۆکانن و پێیان راگەیاندووە کە "کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچن."
هاوکات، حکومەتی پاکستان رایگەیاند کە بڕیارە رۆژی یەکشەممە، گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە ناوچەی بورگێنشتاک لە سویسرا بەڕێوەبچن؛ تێیدا نێوەندگیرە پاکستانی و قەتەرییەکان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیان.
لە بەرامبەردا، میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە شاندێکی وڵاتەکەیان گەیشتوونەتە سویسرا ، بەڵام ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، هۆشداری داوە کە رێککەوتنەکە "لە مەترسیدایە."
قەیرانی نوێی تەنگەی هورمز و هەڕەشەکەی ترەمپ
ئەم هۆشدارییەی تاران لەکاتێکدایە، کە ئێران جارێکی دیکە داخستنەوەی تەنگەی هورمزی بەڕووی کەشتییەکاندا راگەیاند، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان. تاران، واشنتنی بە "پەیمانشکێنی" و ئیسرائیلی بە "پێشێلکردنی ئاگربەستی باشووری لوبنان" تۆمەتبار کرد.
لە کاردانەوەی ئەمەشدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی دایە ئێران و رایگەیاند، ئەگەر رێککەوتنەکە سەرنەگرێت، رەنگە ئەمریکا خۆی باج لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دابنێت.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "هیچ جۆرە باجێک وەرناگیرێت، مەگەر ئەوەی واشنتن خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووەکانی رابردوو، ئێستا و داهاتووی ئەو خزمەتگوزارییانەی وەک 'فریشتەی پارێزەر' پێشکەشی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردووە، باجەکە بسەپێنێت."
رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، کە هەفتەی رابردوو واژۆکرا، ئامانجی کۆتاییهێنانە بەو جەنگە ناوچەیییەی لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستیپێکردووە.
هەرچەندە لەسەر زەوی و لە لوبنان هێشتا پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا بەردەوامە، بەڵام بڕیارە گفتوگۆکانی سویسرا ماوەی 60 رۆژ وەک چوارچێوەیەکی کاتی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە گەورەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی تەرخان بکەن.

.jpg&w=3840&q=75)

