رووداو دیجیتاڵ نزیکەی 15 رۆژە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە. جیاوازییەکی زۆر لە نرخی جۆرەکانی بەنزین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە، لە هەولێر بە بەرزترین نرخ دەفرۆشرێت. رۆژی شەممە، 20ـی حوزیرانی 2026، کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە شێوەیەکی گشتی لە دهۆک بەنزینی نۆرماڵ بە 1150 دینار، موحەسەن 1350 دینار و سوپەر بە 1450 دینارە." بە گوتەی کارزان رەئووف، نزیکەی 25%ـی بەنزینخانەکانی پارێزگاکە بە بڕی 40 دینار هەرزانتر لە نرخەکانی سەرەوە بەنزین دەفرۆشن، بەڵام ئەمە هەموو بەنزینخانەکان ناگرێتەوە. لەبارەی هۆکاری گرانبوونی نرخەکە لەو پارێزگایە، کارزان رەئووف گوتی، "هۆکارەکەی ئەوەیە کە نەوتی خاو کەم دەگاتە پاڵاوگە بازرگانییەکان، ئەوەش وا دەکات نرخ بەرز بێتەوە، بەڵام ئێستا کار لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت و بەم نزیکانە نرخەکان ئاسایی دەبنەوە." لە لایەکی دیکەوە، رەشید حەمید، ئەندامی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە رووداوی گوت، "لە هەولێر بەنزینی نۆرماڵ بە 1150 دینار، موحەسەن بە 1350 دینار و سوپەر بە 1500 دینارە." رەشید حەمید دەڵێت، تاوەکو پێنجشەممەی رابردوو نرخەکان بەرەو نزمبوونەوە دەچوون، بەڵام لەبارەی ئەمڕۆ گوتی:"بەهۆی نەبوونی بەرهەمی لاناز و کار، نرخ گران بووەوە". بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، لە سنووری پارێزگاکەی ئەوان نرخ کەمترە و گوتی، "بەنزینی نۆرماڵ بە 1000 دینار، موحەسەن 1200 دینار و سوپەر بە 1350 دینار دابەش دەکەین." گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان بە هەرزانتر لە پارێزگاکانی دیکە بەنزین دەفرۆشن، بەڵام دۆخەکە جێگیر نییە و تاوەکو ئێستا هیچ بەرچاو روونییەک بۆ داهاتوو نییە.