رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس، بە وردی باس لە هەنگاوەکانی دژی ئێران کرد و گوتی، بە گورزە سەربازییەکانی، رێگەی لە لەنێوچوونی ئیسرائیل گرت و کۆتایی بە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی تاران هێنا.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینەکەدا هێرشی تووندی کردە سەر سیاسەتەکانی باراک ئۆباما سەبارەت بە ئێران و رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ی بە "کارەسات" ناوبرد. ترەمپ گوتی، "ئەگەر من، ئەو رێککەوتنەم هەڵنەوەشاندایەتەوە، ئێران پێنج ساڵ لەمەوبەر چەکی ئەتۆمی بەدەستدەهێنا و هەرزووش بەکاری دەهێنا، بەوەش ئیسرائیل دەسڕدرایەوە و چیدیکە نەدەما."
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هێرشە سەربازییەکانی ماوەی رابردوو، بەتایبەتی بەکارهێنانی فڕۆکە ستراتیجییەکان لە جۆری (B-2) رۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبوو و گوتی، "بە فڕۆکەی B-2 ئەو شاخەمان رووخاند بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانیاندا. ئەوان تەنیا یەک مانگ دووربوون لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. ئەگەر ئەوەمان نەکردبایە، ئێستا ئیسرائیل لەسەر نەخشە نەدەما."
"سوپای ئێرانمان نەهێشت"
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی کە دەڵێن بۆچی ئەمریکا لە هێرشەکانی سەر ئێران بەردەوام نەبوو، ترەمپ باس لەوە دەکات کە ئامانجە سەربازییەکانیان بەتەواوی بەدەستهێناون و گوتی، "سوپای ئێران بەتەواوی نەما. هێزی ئاسمانییان نەماوە و سەرجەم ئەو 200 فڕۆکەیەی هەیانبوو لەنێوبران. هێزی دەریاییان تەواو بووە و 159 کەشتییەکەیان لە بنی دەریادان. هەروەها سەرکردایەتیی پلە یەکیان، لەنێویاندا خامنەیی، لەنێوبران."
گەمارۆی دەریایی و تەنگەی هورمز
ترەمپ باسی لە گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێرانیش کرد و بە یەکێک لە "مەزنترین مانۆڕە سەربازییەکان" ناوی برد و گوتی، "گەمارۆیەکی دەریاییمان سەپاند کە یەک کەشتی نەیدەتوانی تێپەڕێ. تەنانەت سیستمی راداری ئەوانمان لەکارخست، بەجۆرێک شەوانە بێ ئەوەی هەستمان پێبکەن کەشتییەکانمان بە ناوچەکەدا تێدەپەڕین. ئەوان بۆ چەندین مانگ هیچ پارە و داهاتێکیان نەبوو."
لەبارەی ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕەکەش، ترەمپ هۆشداری دا کە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بوونایە، تەنگەی هورمز دادەخرا و نرخی نەوت لە جیهاندا بەرزدەبووەوە و گوتی، "ئەگەر ئێستا بۆردوومانمان کردبان، تەنگەی هورمز پڕ دەبوو لە مین و مووشەک، هیچ کەشتییەکی بازرگانی بوێری نەدەکرد پێیدا تێپەڕێت. بەڵام ئێستا بەهۆی راگرتنی شەڕەکەوە، بازاڕی بۆرسە بووژاوەتەوە و نرخی نەوت دابەزیوە."
ئیسرائیل گوێڕایەڵ دەبێت؟
کاتێک پرسیاری لێ کرا ئایا دەتوانێت ئیسرائیل کۆنترۆڵ بکات و رێگری لێبکات لە هێرشکردنە سەر لوبنان، ترەمپ بە متمانەوە وەڵامی دایەوە و گوتی، "بەڵێ دەتوانم. ئەوان رێزێکی زۆریان بۆ من هەیە و ئەوە دەکەن کە پێیان دەڵێم. ئەوان باش دەزانن کە ئەگەر بڕیارەکانی من نەبوونایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی و لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئیسرائیل نەدەما."



