رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری کۆچی تێکەڵاو (MMC) راپۆرتێکی نوێی لەژێر ناوی "ئەزموونی تووندوتیژی، گەڕان بەدوای سەلامەتی و بڕیاردان لەنێو پەنابەران و کۆچبەران لە ئیتاڵیا" بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە پشت بە گوتەی 503 پەناخواز دەبەستێت کە لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە گەیشتوونەتە ئیتاڵیا.
لەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، 71٪یان پیاو و 29٪یان ژنن؛ 56٪یان تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 35 ساڵیدایە.
هۆکاری سەرەکیی کۆچکردنیان تەنیا هەژاری نییە، بەڵکو 58٪یان دەڵێن بەهۆی "شەڕ، ناسەقامگیری و تووندوتیژییەوە" وڵاتی خۆیان جێهێشتووە، بە تایبەتی ئەوانەی خەڵکی نایجیریا، بورکینا فاسۆ و کۆتدیڤوارن.
یەکێک لە دۆزینەوە سەرەکییەکانی راپۆرتەکە ئەوەیە کە رێگەی توونس سەلامەت نییە. هەرچەندە یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێ تونس وەک وڵاتێکی سەلامەت بناسێنێت، بەڵام زۆربەی پەناخوازان دەڵێن لە توونسیش هەمان ئەو تووندوتیژییانەیان بەرامبەر کراون کە لە لیبیا دەکرێن.
73٪ی ئەو پەناخوازانەی گەیشتوونەتە ئیتاڵیا، لە رێگەدا بە چاوی خۆیان تووندوتیژی یان ئازاردانیان بینیوە یان بەرامبەریان کراوە.
ئەو پەناخوازانەی تووندوتیژییان بەرامبەر کراوە دەڵێن، 75٪یان لێیان دراوە، 49٪یان بە چاوی خۆیان بینیویانە خەڵک لە رێگەدا گیان لەدەستبدات، 43٪یان لە رێگەدا پارە و شتومەکەکانیان لێ براوە.
دوای گەیشتن بە ئیتاڵیا چی روودەدات؟
پێچەوانەی ئەوەی دەگوترێ هەمووان دەیانەوێ بچنە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، 78٪ی ئەو پەناخوازانە بڕیاریانداوە هەر لە ئیتاڵیا بمێننەوە و کۆتایی بە گەشتەکەیان بهێنن. ئەو کەمینەیەش کە دەیانەوێت ئیتاڵیا جێبهێڵن، 30٪یان دەیانەوێ بچنە فەرەنسا و 18٪یان ئەڵمانیا.
لە سەرەتای گەیشتنیان بە ئیتاڵیا، کاتێک لێیان دەپرسن بۆچی لێرە دەمێننەوە؟ 72٪یان دەڵێن لەبەر "سەلامەتی گیانمان". بەڵام دوای ئەوەی ساڵێک بەسەر مانەوەیاندا تێدەپەڕێ، پێداویستییەکانیان دەگۆڕدرێ و 82٪یان دەڵێن ئێستا گرنگترین شت بۆیان دەستکەوتنی "کار و بژێوییە" و بابەتی سەلامەتی لایان کەمتر دەبێتەوە.
راپۆرتەکە دەڵێ، ژمارەیەکی زۆر کەم لەو پەناخوازانە بیر لە گەڕانەوە دەکەنەوە. 41٪ی پەناخوازان دەڵێن تەنیا لە یەک دۆخدا دەگەڕێنەوە، ئەویش ئەگەر پۆلیس و حکومەت بە زۆر و بە زەبری هێز بیاننێرێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئەگەرنا بە ویستی خۆیان ناگەڕێینەوە.



