رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سویسرا ئەمڕۆ هەینی 19-06-2026 پڕۆژەیاسایەکی ئامادە کرد بۆ قەدەخەکردنی نیشاندانی سمبوولی نازییەکان لە شوێنە گشتییەکان، وەک خاچی شکاو (سواستیکا) و سڵاوی هیتلەری. ئەم هەنگاوەش دوای زیادبوونی بەرچاوی رووداوەکانی دژەجوو لەو وڵاتە دێت.
ئامانج لە پڕۆژەیاساکە رێکخستنی "قەدەخەکردنی بەکارهێنان، پۆشین، نیشاندان یان بڵاوکردنەوەی سمبوولەکانی نازییەکانە لە شوێنە گشتییەکان" و بڕیارە بدرێتە پەرلەمان بۆ دەنگدان.
چاوەڕوان دەکرێ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە تەنیا کارێکی رۆتینی بێت، چونکە پەرلەمان خۆی لە ساڵی 2024دا داوای لە حکومەت کرد ئەو پڕۆژەیاسایە ئامادە بکات.
حکومەتی سویسرا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سمبوولەکانی نازییەکان گوزارشت لە ئایدیۆلۆژیایەک دەکەن کە سووکایەتی بە ژیانی مرۆڤ دەکەن و دژی بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و لیبڕاڵن؛" ئاماژەی بەوەشکرد کە "سیمبوول و هەنگاوی رەگەزپەرستی و دژە جوویی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پەسندکراو نین."
گۆڕانکاری لە یاساکاندا
یاساکانی ئێستای سویسرا تەنیا رێگە بە لێپێچینەوە لەو کەسانە دەدەن کە سیمبوولەکانی نازییەکان، مامەڵەی رەگەزپەرستی، تووندڕۆیی یان ئەو نیشانانەی پیاهەڵدان بە تووندوتیژی دەکەن، بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە بەکاربێنن. ئەو کەسانەی بە سادەیی و بێ مەبەستی پڕوپاگەندە ئەو نیشانانەیان دەخستەڕوو، رووبەڕووی هیچ سزایەک نەدەبوونەوە.
حکومەتی سویسرا دەڵێ، "زیادبوونی رووداوەکانی دژە جوو" لە ساڵانی دواییدا پێویستیان بە یاسای تووندترە، هاوشێوەی ئەو قەدەخەیەی لە چەندین وڵاتی دیکەی ئەورووپادا پەیڕەو دەکرێ.
ساڵی رابردوو لە سویسرا نزیکەی 2,200 تاوانی دژە جوو تۆمارکراون، ئەوەش زیادبوونێکی 37%ـەیە بەراورد بەو 1,600 تاوانەی لە ساڵی 2024دا تۆمارکرابوون.
وردەکاریی قەدەخەکە و سزاکان
پڕۆژە یاسا پێشنیازکراوەکە بەکارهێنان، پۆشین، نیشاندان و بڵاوکردنەوەی سمبوولە نازییەکان قەدەخە دەکات، لەوانەش ئاڵا، باج (نیشانەی سەر سنگ)، درووشم، جووڵەی دەست و سڵاوکردن؛ هەروەها گۆڕانکاری لەو سیمبوولانە یان ئەو شتانەی هەمان واتا دەبەخشن، وەک نووسین، تۆماری دەنگی، تۆماری بینراو یان وێنە، قەدەخە دەکرێن.
لە پڕۆژەیاساکەدا هەندێک دۆخی دەگمەن سزایان لەسەر نییە، ئەویش کاتێک سمبوولە نازییەکان بۆ مەبەستی پەروەردەیی، زانستی، هونەری، رۆژنامەڤانی یان ئەکادیمی بەکاربهێندرێن.
بەپێی پڕۆژەکە، هەرکەسێک پابەند نەبێ، بڕی 200 فرانکی سویسری (نزیکەی 250 دۆلار) سزا دەدرێت.
حکومەتی سویسرا ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای پەسندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە، پلانیان هەیە لە داهاتوودا قەدەخەکە فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی سمبوولەکانی دیکەی تووندڕەویش بگرێتەوە.



