رووداو دیجیتاڵ
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە تووندی هێرشی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و قسەکانی بە "هەڵبەستراو" ناوبرد کە گوتبووی میلۆنی لێی پاڕاوەتەوە بۆ ئەوەی وێنەیەکی لەگەڵ بگرێ.
رۆژی هەینی، جۆرجیا میلۆنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا وەڵامی قسەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە کە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (La7)ی ئیتاڵی گوتی، میلۆنی لە پەراوێزی لووتکەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە فەرەنسا "تکای لێکردووە" وێنەیەکی لەگەڵ بگرێ. میلۆنی لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: "من و ئیتاڵیا ناپاڕێینەوە."
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەرسوڕمانی خۆی لە رەفتارەکانی ترەمپ بەرامبەر هاوپەیمانەکانی دەربڕی و رایگەیاند، "جێگەی نیگەرانییە" کە سەرۆکی ئەمریکا ئەو تووندییەی بەرامبەر هاوپەیمانەکانی هەیەتی، بەرامبەر دووژمنانی رۆژئاوا نییەتی و لەگەڵ سەرکردە نەیارەکان "زۆر نەرمترە."
ئەم ئاڵۆزییە نوێیەی نێوان رۆما و واشنتن لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بەهۆی جیاوازیی روانگەیان لەسەر جەنگی ئێران، پرسی ئۆکراینا و باجە گومرگییەکان، ساردی تێکەوتووە. میلۆنی پێشتر جەنگی ئێرانی بە "نایاسایی" ناوبردبوو، ئەوەش نیگەرانیی ئیدارەی ترەمپی لێکەوتبووەوە.
هەر لە کاردانەوەی ئەو قسانەی ترەمپدا، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، گەشتەکەی بۆ ئەمریکا هەڵوەشاندەوە و قسەکانی ترەمپی بە "سووکایەتی بە میلۆنی و هەموو ئیتاڵیا" ناوبرد.
هاوکات گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا پاڵپشتیی خۆی بۆ میلۆنی دەربڕی و رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی تەنانەت لەژێر هەڕەشەیشدا لە کەس ناپاڕێتەوە و قسەکانی ترەمپی بە "هەڵەیەکی گەورە لە نەریت" ناوبرد.


