رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێت، گەشتی شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی وڵات بۆ دەستپێکردنی دانوستاندنە تەکنیکییەکان لەگەڵ ئێران دواخراوە، ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزیی رێکارە لۆجیستییەکانی تایبەت بە پرۆسەی گفتوگۆکان.
گوتەبێژێکی کۆشکی سپی لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران رایگەیاند: "وەک چۆن جێگری سەرۆک لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا گوتی، پلانەکانی تایبەت بە دانوستاندنە تەکنیکییەکانی داهاتوو هێشتا کۆتاییان نەهاتووە، بەڵام شاندی ئەمریکا ئامادەیە لە یەکەم دەرفەتی گونجاودا بەڕێبکەوێت."
گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بە کێشە لۆجیستییەکان کرد و گوتی: "رێکارە لۆجیستییەکانی ئەم جۆرە دانوستاندنانە هیچ کاتێک سادە یان پێشبینیکراو نەبوون. تاوەکو ئێستا جێگری سەرۆک ئەمشەو بەڕێناکەوێت. هەر کاتێک زانیارییەکی کۆنکرێتی و روونمان لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو دەستکەوت، ئاگادارتان دەکەینەوە. ئێمە بەپەرۆشین بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دانوستاندنە تەکنیکییەکان دەستپێبکەن."
ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئەم لێدوانانەی کۆشکی سپی لە کاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی لە پابەندبوونی تەواوی واشنتن بە چەسپاندنی ئاشتیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووەتەوە. ترەمپ رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، لە (ترووس سۆشیاڵ) نووسیویەتی، ئەمریکا بە تەواویی پابەندە بە بەدیهێنانی ئاشتیی لە ناوچەکەدا و داوای لە هەموو لایەنەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد کە پابەندی ئاگربەست بن تاوەکو دانوستاندنەکان بە سەرکەوتوویی بچنە پێشەوە.
سەرۆکی ئەمریکا مژدەی دابەزینی نرخی نەوت و بووژانەوەی بازاڕەکانی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە هەواڵەکانی رێککەوتنەکە رەنگدانەوەی ئەرێنییان لەسەر بازاڕە داراییەکان هەبووە و گوتی: "بازاڕەکان ئەوەیان بە دڵە کە روودەدات؛ نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بەهای پشکەکانیش زۆر بەرز بوونەتەوە."
ترەمپ لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە واشنتن چاوەڕێی ئاگربەستێکی تەواوەتی و گشتگیر لە هەموو بەرەکانی جەنگ دەکات، بە تایبەتی لە لوبنان، لەنێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیلدا، و پێویستە لە هەموو ئەو شوێنانەدا شەڕ رابگیرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
