رووداو دیجیتاڵ
جێگری دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە ماوەی 60 رۆژ بۆ دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکات، بەڵام رێککەوتنی نێوان هەردوولا رۆژێک پێشتر چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، گوتی: "دەتوانم بڵێم ماوەی 60 رۆژەکە ئەمڕۆ بە فەرمی دەستیپێکرد، چونکە جیاوازیی کات هەیە."
ڤانس دەشڵێت، لەگەڵ دەستپێکردنی رێککەوتنەکە، لانیکەم 12 کەشتیی نەوتهەڵگر بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕبوون کە 12.5 ملیۆن بەرمیل نەوتیان گواستووەتەوە. ئەوەش زۆرترین بڕە نەوتە بەو تەنگەیەدا تێپەڕبووبێت لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە.
جێگری دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئەگەر ئێرانییەکان بە باشی رەفتار نەکەن، ئەوە هیچ سوودێکی ئابووری رێککەوتنەکە بەدەستناهێنن. هەروەها هیچ پارەیەکیان لەلایەن ئەمریکاوە پێنادرێت.
لەبارەی ئەوەی کە کێ ئامادەیە پارەی ئاوەدانکردنەوەی ئێران بدات، جەی دی ڤانس باسی لەوە کرد، بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی ئامادەن لەگەڵ هەندێک وڵاتی دیکە.
ڤانس لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا باسی لەوەشکرد، دۆناڵد ترەمپ تەنیا سەرۆکە لە هەموو جیهان کە هاوسۆزە لەگەڵ گەلی ئیسرائیل، بۆیە "ئەگەر من لە کابینەی حکومەتی ئیسرائیل بم، هێرشم نەدەکردە سەر تەنیا هاوپەیمانی بەهێزم."
لە بەشێکی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی، ڤانس وەڵامی پرسیاری دیار کوردەی دایەوە لەبارەی ئەوەی ئەو رێککەوتنە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەوەستێنێت؟
وەڵامەکەی ڤانس وەکو خۆی، "ئەوەی کە ئەم رێککەوتنە لە بنەڕەتدا دەیکات ئەوەیە، داوا لە ئێران دەکات وەک وڵاتێکی ئاسایی رەفتار بکات، ئەگەر وا نەکات، وەک چۆن خەڵکێکی زۆر بڕوایان وایە ئێران هەرگیز واناکات، ئەوا هیچ سوودێکی ئابووری دەست ناکەوێت، بەڵام ئەگەر وا بکەن، ئەوە شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ هەموو کەسێک، شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ کورد، شتێکی زۆر باش دەبێت بۆ هەر کەسێک کە لەژێر بارگرانی یان هەڕەشەی ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانەدا بوون کە ئێران پشتیوانییان دەکات. چاوەڕوانییەکە ئەوەیە کە ئێران لەو کارانەی بوەستێت، ئەگەر نەوەستێت، ئەوا هیچ سوودێکی رێککەوتنەکەیان دەست ناکەوێت".



