رووداو دیجیتاڵ
وەزیری جەنگیی ئەمریکا بە تووندی هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ و رایدەگەیێنێت، واشنتن لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا پێداچوونەوە بە هێزەکانیدا لە ئەورووپا دەکات. ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە "سستی" وڵاتانی ئەورووپا لە پشتگیریکردنی ئەمریکا لە کاتی جەنگی ئێراندا.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2026، لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە برۆکسل، پێت هیگسەس، وەزیری جەنگیی ئەمریکا پەیامێکی تووندی ئاراستەی وڵاتانی ئەورووپا کرد و گوتی: "ئەمە پێداچوونەوەیەکی راستەقینە دەبێت. ئامانج لێی ئەوەیە ناتۆ بەرەو ئەوە هەنگاو بنێت کە ئەورووپا خۆی بەرپرسیارێتی یەکەمی پاراستنی کیشوەرهکەی بگرێتە ئەستۆ."
هێگسەس هۆشداریی دا و گوتی: "ئەمە تاقیکردنەوەیەکە کە هەندێک وڵات تێیدا دەردەچن و هەندێکی دیکەش تێیدا شکست دەهێنن."
وەزیری جەنگیی ئەمریکا تووڕەیی واشنتنی لەبارەی رەفتاری هەندێک وڵاتی ئەورووپی لە کاتی جەنگی ئێراندا نەشاردەوە، کە رێگرییان لە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکان و ئاسمانی وڵاتەکەیان گرتبوو بۆ هێزەکانی ئەمریکا.
هێگسەس گوتی: "ئەوە کارێکی شەرمەزارکەر بوو. ئەو هاوپەیمانانە ژیانی کوڕان و کچانی ئێمەیان خستە مەترسییەوە. هیچ پاساوێک بۆ ئەوە نییە."
ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر هاوپەیمانەکانی زیاد کردووە تاوەکو خەرجییە سەربازییەکانیان بۆ 5%ی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بکەن. هێگسەس راشیگەیاند، پێدانی پشکی ئەمریکا لە بودجەی بەڕێوەبردنی ناتۆ (کە نزیکەی 790 ملیۆن دۆلارە بۆ ساڵی 2026) بەندە بەوەی ئایا وڵاتانی دیکە خەرجییەکانیان زیاد دەکەن یان نا. گوتیشی: "لەو شوێنانەی هاوپەیمانەکان بە پەلە پارە خەرج نەکەن، پشکی ئێمەش کەم دەبێتەوە."
میدیاکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا ئاشکرایان کردووە کە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەمانە دەگرێتەوە: کێشانەوەی سێیەکی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 و F-15 (نزیکەی 50 فڕۆکە) کێشانەوەی فڕۆکەی پڕکردنەوەی سووتەمەنی، فڕۆکە سیخوڕییەکان و درۆنەکان.
هەروەها ئەمریکا ژێردەریاییەکی هەڵگری مووشەکی کرووز و ژێردەریاییەکی هەڵگری مووشەکی کرووز دەکشێنێتەوە و یەکێک لە کەشتیگەلە فڕۆکەهەڵگرەکانیشی لە ناوچەکە دووردەخاتەوە.
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، هەوڵیدا دۆخەکە هێور بکاتەوە و رایگەیاند، ئەورووپا و کەنەدا لە ساڵی 2025دا خەرجییە سەربازییەکانیان 90 ملیار دۆلار زیاد کردووە. رووتە گوتیشی: "ئەگەر ناتۆ رووبەڕووی هێرش ببێتەوە، دڵنیام ئەمریکا و هەموو هاوپەیمانەکان ئەوەی لە توانایاندا بێت دەیکەن."
لە لایەکی دیکەوە، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا نیگەرانی خۆی نیشان دا و گوتی: "ئێمە دەتوانین قەرەبووی زۆر شت بکەینەوە، بەڵام پێویستمان بە کاتە. مەترسیدارە ئەگەر ئەو توانایانە بە خێرایی بکێشرێنەوە بێ ئەوەی شوێنگرەوەیان هەبێت."


