رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەکانی گرووپی حەوت (G7) لە لووتکەی فەرەنسادا خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بەهۆی یەکگرتوویی نوێیان بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر رووسیا و ئاماژەیان بە "گۆڕانکاریی قووڵ" لە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرامبەر مۆسکۆ کرد، دوای ئەوەی هۆشداریدا کە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دۆستی ئاشتی نییە.
رۆژی پێنجشەممە، 18-06-2026، لە کۆتایی لووتکەی سێ رۆژەی G7 لە شارۆچکەی ئیڤیان، سەرکردەکانی بەریتانیا، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن و ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێکی هاوبەش کە پرسی ئۆکراینا و رێککەوتنی ئێرانی لەخۆگرتبوو، کۆتاییان بە کارەکانیان هێنا. فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا راگەیێندراوەکەی بە "سەرکەوتن" وەسفکرد.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بە "گۆڕانکارییەکی زۆر قووڵ لە هەڵوێستی ئەمریکا" بەرامبەر ئۆکراینا کرد و گوتی، ترەمپ تێگەیشتووە کە پووتین نایەوێت گفتوگۆ لەسەر ئاشتی بکات، چونکە بە گوتەی ئەو هیچ ویستێکی جیدی نییە. جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش خۆشحاڵیی خۆی بەم هاوڕاییە دەربڕی و گوتی، هیچ دابەشبوونێک نییە.
جگە لە زیادکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کیێڤ، سەرکردەکان رێککەوتن لەسەر زیادکردنی گوشار لەسەر ئابووریی رووسیا و تووندکردنی سزاکان بە تایبەتی لەسەر داهاتی سووتەمەنیی مۆسکۆ. هەروەها بڕیاردرا مۆڵەت بدرێتە کۆمپانیاکانی ئۆکراینا بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی دوورمەودا و بەرگریی ئاسمانی.
ترەمپ لە کۆنفرانسی کۆتاییدا باسی لە گفتوگۆکانی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ پووتین کرد و گوتی، "هەردوو لایەن دەیانەوێت شتێک بکەن، بەڵام نازانن چۆن بیکەن."
لە کاتی نانی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممەدا، پرسی ژیریی دەستکرد (AI) و پاراستنی منداڵان تاوتوێ کرا. سام ئاڵتمان، سەرۆکی کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (OpenAI)، داریۆ ئامۆدێی، بەڕێوەبەری ئانتڕۆپیک (Anthropic)، دێمیس هەسابیس، دامەزرێنەری دیپمایندی گوگڵ و ئارسەر مێنش، سەرۆکی کۆمپانیای میسترال ئەی ئای (Mistral AI) بەشداربوون.
دوای لووتکەکە، ماکرۆن بە بانگێشتێکی تایبەت ترەمپی بردە کۆشکی ڤێرسای لە دەرەوەی پاریس، دوای ئەوەی ترەمپ بە پەرۆشەوە گوتبووی ڤێرسای "زێڕێکی زۆری تێدایە، دەمەوێت بیبینم." ترەمپ بەشەکانی وەک هۆڵی ئاوێنەکان، گەلەریی جەنگی سەربەخۆیی ئەمریکا و کۆنسێرتێکی لە کەنیسەی شاهانە بەسەرکردەوە.
لەسەر مێزی نانی ئێوارەی شاهانەدا، کە بێرنارد ئارنۆ، سەرۆکی کۆمپانیای LVMH و پاتریک پویانێ، بەڕێوەبەری گشتیی تۆتال ئێنێرجیز ئامادەبوون، ترەمپ واژۆی لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئێران کرد.


