رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران لە قۆناخی کۆتاییدایە و لە چەند کاژێری داهاتوودا واژۆ دەکرێت، هاوکات بە زمانێکی تووند هۆشداریدایە تاران و رایگەیاند، ئەگەر پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن، جارێکی دیکە بۆردوومانیان دەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی لوتکەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە شاری ئێڤیانی فەرەنسا، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئەو رێککەوتنەی رۆژی یەکشەممە لەگەڵ ئێران لەسەری رێککەوتین، بەمنزیکانە واژۆ دەکرێت؛ رەنگە سبەی پێنجشەممە بێت، یان رۆژی هەینی."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، لە سویسرا نوێنەرایەتیی ئەمریکا بکات بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام گوتیشی "رەنگە" خۆی لە ئەورووپا بمێنێتەوە بۆ بەشداریکردن، هەرچەندە پێیوایە وەک یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن، مەرج نییە ئەو جۆرە بەڵگەنامەیە بێت، کە پێویست بکات سەرۆک واژۆی بکات.
"ئەگەر پابەند نەبن، لێیان دەدەینەوە"
ترەمپ بە زمانە تووندەکەی خۆی هەڕەشەی لە تاران کرد و گوتی: "ئەگەر ئەوان بە باشی رەفتار نەکەن، جارێکی دیکە لێیان دەدەینەوە. من ئامادەم جارێکی دیکە بۆردوومانیان بکەم، بەڵام ئەوان نایانەوێت بۆردوومان بکرێن."
سەبارەت بە توانای سەربازیی ئێران، ترەمپ گوتی: "ئێمە نزیکەی 84٪ بۆ 85٪ی مووشەکەکانی ئەوانمان لەناوبردووە، ئەوەشی ماوەتەوە لەژێر زەویدان و ناتوانن دەریان بهێنن." گوتیشی کە گەمارۆ ئابوورییەکە کاریگەریی زۆر زیاتر بووە لە هێرشە ئاسمانییەکان.
"بۆردوومانکردنی قوتابخانەکە هەڵە بووە"
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری (میناب)ـی ئێران کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 155 کەس، ترەمپ گوتی، "کەس بە مەبەست ئەوەی نەکردووە، هەڵە روودەدات و شەڕ شتێکی ناخۆشە." ئاماژەی بەوەش کرد کە رووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و داوای لە رۆژنامەڤانان کرد پرسیارەکە ئاراستەی وەزیری جەنگ بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا بە شێوازە تەنزئامێزەکەی خۆی باسی لە رۆڵی جەی دی ڤانس کرد لە واژۆکردنی رێککەوتنەکە و گوتی: "ئەگەر رێککەوتنەکە سەرکەوتوو بێت، من شانازییەکەی بۆ خۆم دەبەم، ئەگەر شکستی هێنا، لۆمەی جەی دی دەکەم! پێویستە جەی دی وریابێت، ئەگەر وا بێت فڕۆکەکەی دەگەڕێنێتەوە و رادەکات!"
سوپاسی پووتین و شی جینپینگ دەکات
دۆناڵد ترەمپ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سوپاسی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و شی جینپینگ، سەرۆکی چینی کرد بۆ ئەوەی لەم شەڕەدا "بێلایەن" بوون. هەروەها باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو کرد و گوتی کۆپییەکی رێککەوتنەکەیان بۆ ئیسرائیل ناردووە و دڵنیایی داوەتە نەتەنیاهوو کە چیدیکە مەترسی ئەتۆمی ئێرانیان لەسەر نامێنێت.
لە کۆتاییدا ترەمپ باسی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی کرد و بە "بلیمەتێکی شێت" ناویبرد، هەروەها باسی لە کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی کرد لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە مانگی شوبات، کە بە گوتەی ترەمپ "لە کاتی نانی بەیانیدا" بووە.



