رووداو دیجیتاڵ
دەقی رەشنووسی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بە "یاداشتنامەی ئیسلامئاباد" دەناسرێت، دەست رووداو کەوتووە؛ رێککەوتنەکە بناخەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی 107 رۆژەی ناوچەکە دادەنێت و سندووقێکی 300 ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران تەرخان دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026 دەقی رەشنووسی یاداشتنامەکە لەلایەن بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە دەست رووداو کەوتووە، کە بڕیارە رۆژی هەینی 19ی حوزەیران لە سویسرا بە فەرمی واژۆ بکرێت. ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە لە 14 خاڵ پێکهاتووە:
یەکەم: ئەمریکا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان لەم جەنگەدا، کۆتاییهێنانێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، لەوانەش لوبنان، رادەگەیێنن. هەردوولا پابەند دەبن کە چیدی هیچ جەنگ و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی یەکدی دەستپێنەکەن، پەنا بۆ هەڕەشە و هێز نەبەن و گەرەنتیی پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی لوبنان بکەن.
دووەم: ئەمریکا و ئێران پابەند دەبن بە رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی و دوورکەوتنەوە لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی یەکدی.
سێیەم: ئەمریکا و ئێران پابەند دەبن بە دانوستاندن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا، کە بە رەزامەندیی هەردوولا دەکرێت درێژ بکرێتەوە.
چوارەم: دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە، ئەمریکا دەست دەکات بە لادانی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران و لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگ و رێگرییەکان بە تەواوی کۆتاییان دێت. لەم ماوەیەدا، جووڵەی کەشتییەکان وەک دۆخی پێش جەنگ ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها ئەمریکا پابەند دەبێت کە لە ماوەی 30 رۆژدا دوای گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، هێزەکانی لە ناوچە نزیکەکانی سنووری ئێران دوور بخاتەوە.
پێنجەم: دوای واژۆکردنی یاداشتنامەکە، ئێران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی رێڕەوێکی ئارام بۆ تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بەبێ وەرگرتنی هیچ باجێک بۆ ماوەی 60 رۆژ، لە کەنداوەوە بەرەو دەریای عومان و بە پێچەوانەشەوە. ئێران دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا هەموو ئاستەنگە تەکنیکی و سەربازییەکان لابدات و پرۆسەی راماڵینی مینەکان تەواو بکات. هەروەها تاران دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ عومان و وڵاتانی کەنداو دەکات بۆ دیاریکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەی هورمز بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
شەشەم: ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکان پابەند دەبێت بە داڕشتنی پلانێکی یەکلاکەرەوە بە بەهای لانیکەم 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی ئێران. میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم پلانە لە ماوەی 60 رۆژدا و وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی دیاری دەکرێت. واشنتن هەموو مۆڵەت و رێپێدانە پێویستەکان بۆ مامەڵە داراییەکان و گواستنەوەی پارەکان دەردەکات.
حەوتەم: ئەمریکا پابەند دەبێت بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو جۆرە سزاکانی سەر ئێران، لەوانەش بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و هەموو سزاکانی ئەمریکا (سەرەکی و لاوەکی). خشتەی کاتی بۆ هەڵگرتنی ئەم سزایانە وەک بەشێک لە رێککەوتنی کۆتایی دیاری دەکرێت.
هەشتەم: تاوەکو ئەو کاتەی ئێران پابەند بێت بەوەی کە بەهیچ شێوەیەک بەدوای بەدەستهێنان یان پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ناکەوێت، ئەمریکا و ئێران رێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی کۆگاکراو. کەمترین مەرج بۆ ئەمە ئەوەیە کە دەبێت یۆرانیۆمەکە لە شوێنی خۆی و لەژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا خەستییەکەی کەم بکرێتەوە). هەروەها لە رێککەوتنی کۆتاییدا باس لە پێداویستییە ئەتۆمییەکانی داهاتووی ئێران دەکرێت.
نۆیەم: تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر پاراستنی دۆخی ئێستا. بەو پێیەی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە ئاستی ئێستا رادەگرێت و ئەمریکاش هیچ سزایەکی نوێ ناسەپێنێت و هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەکە ناکات.
دەیەم: دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە و تاوەکو کاتی هەڵگرتنی یەکجاریی سزاکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتی فەرمی بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان و هەموو خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکانی وەک بانک، دڵنیایی و گواستنەوە دەردەکات. ئامانج لەمە وەستاندنی ئەو پرۆسەیەیە کە تێیدا نەوتی ئێران بە داشکاندنێکی زۆر دەدرا بە چین و ئێستا تاران دەتوانێت بە نرخێکی ئاسایی نەوتەکەی بفرۆشێت.
یازدەیەم: ئەمریکا پابەند دەبێت بەوەی هەموو پارە و سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران بە تەواوی بخاتە بەردەست تاوەکو بەکاریان بهێنێت. شێوازی ئازادکردنی ئەم پارانە لە دانوستاندنەکاندا دیاری دەکرێت و دەبێت بانکی ناوەندیی ئێران بتوانێت بۆ هەر مەبەست و شێوازێک کە خۆی دیاری دەکات، پارەکان خەرج بکات.
دوازدەیەم: هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی جێبەجێکار بۆ چاودێریکردنی سەرکەوتنی بڕگەکانی ئەم یاداشتنامەیە و پابەندبوون بە رێککەوتنی کۆتایی لە داهاتوودا.
سێزدەیەم: دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە و لە کاتی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی 1، 4، 5، 10 و 11، واشنتن و تاران دەست بە دانوستاندنی فەرمی دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بڕگەکانی دیکە.
چواردەم: رێککەوتنی کۆتایی لە رێگەی بڕیارێکی پابەندکەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڕیارە رێوڕەسمی فەرمیی واژۆکردنی ئەم دەقە رۆژی هەینی بە ئامادەبوونی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.



