رووداو دیجیتاڵ
بێڵ هاگێرتی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە لیستی کۆمارییەکان، بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، لە نزیکەوە چاودێری هەنگاوەکانی تایبەت بە رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دەکەن. جێف مێرکڵی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانیش لە لیستی دیموکراتەکان گوتی، هێشتا وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە لای ئەوان روون نین.
هاگێرتی گوتی، "تاوەکو ئێستا دەقی رێککەوتنەکەمان نەبینیوە، بەڵام دوێنێ شەو قسەم لەگەڵ کۆشکی سپی کرد. دڵنیام کە ئێمە بە ئاراستەیەکدا دەڕۆین کە تەواو جیاوازە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما."
ئەو سیناتۆرە کۆمارییە جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا هیچ پارەیەک پێشینە ناداتە تاران، "ئەمریکا میکانیزمێک دروست دەکات کە لەسەر ئەو بنچینەیە ئێران باش رەفتار بکات، ئەمەش بە واتای لەنێوبردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیان و هەنگاونان بەرەو جیهانێکی سەلامەتتر دێت."
هاگێرتی ئاماژەی بەوەش کرد، تاران تەنیا کاتێک دەتوانێت لەو تەنگژە ئابوورییە رزگاری بێت کە "بەپێی ئەو رێنماییانە مامەڵە بکات کە سەرۆک ترەمپ دایناون."
لەلایەکی دیکەوە جێف مێرکڵی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لە لیستی دیموکراتەکان بە دیار کوردەی گوت، هێشتا وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە لای ئەوان روون نین. مێرکڵی گوتی: "باشترین وردەکاری کە من بیستوومە ئەوەیە کە ئەم رێککەوتنە سەرەتاییە پەیوەستە بە کردنەوەی بەندەرەکانی ئێران؛ ئەمریکا گەمارۆکە لادەبات و ئێرانیش گەمارۆکانی سەر هورمز لادەبات."
ئەو سیناتۆرە دیموکراتە نیگەرانی خۆی لە بوونی زانیاری "دژبەیەک" نیشاندا و بە رووداوی گوت، "ئەمە ئێستا پرسیارێکی گەورەیە کە چی لەم رێککەوتنەدا هەیە، بەتایبەتی کە زانیاری دژبەیەک دەبیستین."
سیناتۆر بێڵ هاگێرتی، کە نوێنەرایەتی ویلایەتی تێنسی دەکات و زیاتر لە 20 هەزار کورد لە شاری ناشڤێڵی ئەو ویلایەتە نیشتەجێن، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رووداو ستایشی رۆڵی کوردی کرد و گوتی، "کورد هاوپەیمانێکی مەزنی ئێمەن. ئێمە پێویستە بەردەوام بین لە گرتنەبەری ئەو رێگەیانەی کە ئەو پەیوەندییە بەهێزتر دەکەن."
دەقی پرسیار و وەڵامی دیار کوردە و هەردوو سیناتۆرەکە:
رووداو: چۆن سەیری یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەیت؟ هیچ زانیاریت دەستکەوتووە یان نا؟
سیناتۆر بێڵ هاگێرتی: تاوەکو ئێستا دەقی رێککەوتنەکەمان نەبینیووە. دوێنێ شەو قسەم لەگەڵ کۆشکی سپی کرد، بۆیە دڵنیام ئێمە بە ئاراستەیەکدا دەڕۆین کە تەواوە جیاوازە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما. ئەمریکا هیچ پارەیەک لە پێشەکیدا بە ئێران نادات کە بیداتە گرووپە تیرۆریستییەکان لە جیهان. ئەمریکا میکانیزمێک دروست دەکات کە ئیدی ئێران باش رەفتار بکات، ئەمەش بە واتای لەنێوبردنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیان و بە ئاراستەی هەبوونی جیهانێکی سەلامەتتر هەنگاودەنێت، هەروەها بە جۆرێک کە زیاتر ئاراستەی بازاڕ و ئابووری بێت لە ناوچەکەدا. ئەوکاتە دەتوانن دەستیان بەو پارەیە بگات کە دەستی بەسەرداگیراوە و پارەی خۆیانە، نەک پارەی باجدەرە ئەمریکییەکان.
رووداو: پێتان وایە ئەم رێککەوتنە کێشە 47 ساڵییەکانی [ئەمریکا] لەگەڵ ئێران چارەسەر دەکات و رێگری دەکات لەوەی ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی؟
سیناتۆر بێڵ هاگێرتی: ئەوەی من لە بڕگەکانی تێگەیشتوویم ئەوەیە، هەرچەندە بە وردیش ئەو بڕگانەم نەبینیوون، تاکە کار کە ئێران بتوانێت بیکات بۆ ئەوەی لەو ئابوورییە ناسەقامگیرە دەربچێت کە ئێستا دووچاری بووەتەوە ئەوەیە کە دەبێت بەپێی رێنماییەکانی سەرۆک ترەمپ مامەڵە بکات. ئەم هەنگاوە بەبێ دوو دڵی ئێمە بە ئاراستەیەکی باش دا دەبات.
رووداو: پرسیارێک لەبارەی کوردیش دەکەم، بەو پێییەی 20 هەزار کورد لە ناشڤێڵ لە ویلایەتی تێنسی دەژین. چۆن پێناسەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەکەی؟
سیناتۆر بێڵ هاگێرتی: کورد هاوپەیمانێکی مەزنی ئێمەن. ئێمە پێویستە بەردەوام بین لە گرتنەبەری ئەو رێگایانەی ئەو پەیوەندییە بەهێز دەکەن.
رووداو: چۆن سەیری یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەیت؟ هیچ زانیاریت دەستکەوتووە یان نا؟
سیناتۆر جێف مێرکڵی: هێشتا وردەکاری رێککەوتنەکە نازانین. باشترین وردەکاری کە من بیستوومە و رەنگە رۆژی هەینیش وردەکاری زیاتر بزانین ئەوەیە کە ئەم رێککەوتنە سەرەتاییە پەیوەستە بە کردنەوەی بەندەرەکانی ئێران. ئەمریکا گەمارۆکەی لادەبات و ئێرانیش گەمارۆکانی سەر هورمز لادەبات. لەگەڵ ژمارەیەک پرسی دیکە کە لە داهاتوودا یەکلایی دەکرێنەوە، هەر لە پرسی ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێرانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە لابردنی سزاکانی دیکە کە لە بواری بازرگانی نێودەوڵەتی و پرسی ئەتۆمی بەسەریاندا سەپێندراون، بۆیە ئەوە پرسیارێکی گەورەیە کە چی لەم رێککەوتنەدا هەیە، بەتایبەتی کە ئێمە زانیاری دژ بەیەک دەبیستین.



