رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی ئەورووپا هەوڵ دەدەن بودجەی گشتیی یەکێتیی ئەورووپا بۆ دروستکردنی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران لە دەرەوەی سنوورەکانیان بەکاربهێندرێ، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ تووندکردنی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی.
رۆژی سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، وەزیرانی کاروباری یەکێتیی ئەورووپا لە کۆبوونەوەیەکیاندا لە برۆکسل پڕۆژەیەکیان پەسند کرد کە داوا دەکات بودجەی یەکێتییەکە هاوکار بێت لە "گەڕانەوەیەکی سەلامەت و شکۆمەندانە" و دۆزینەوەی "چارەسەری نوێ" بۆ پرسی کۆچبەران.
ئەم "چارەسەرە نوێیانە" ئاماژەیە بۆ ئەو پلانەی بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە وەک ئیتاڵیا و هۆڵەندا پاڵپشتی دەکەن، کە بریتییە لە دروستکردنی ناوەندی تایبەت لە وڵاتانی سێیەم (دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا) بۆ یەکلاییکردنەوەی داواکاریی پەنابەرێتی یان دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی مافی مانەوەیان لە ئەورووپا نییە، کە بە (ناوەندەکانی گەڕانەوە) ناسراون.
ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە، حکومەتە ئەورووپییەکان بەهۆی گۆڕانی رای گشتی و بەهێزبوونی پێگەی پارتە راستڕۆکان لە هەڵبژاردنەکاندا بەرەو گرتنەبەری سیاسەتی تووندتر بەرامبەر کۆچبەران هەنگاو دەنێن.
سەرەڕای پاڵپشتی زۆرینە، هەریەکە لە ئیسپانیا و فەرەنسا دژایەتی خۆیان بۆ دابینکردنی بودجەی ئەورووپا بۆ ئەم مەبەستە نیشانداوە. بنیامین حەداد، وەزیری کاروباری ئەورووپای فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی تێبینی لەسەر دەقەکە هەیە. ئیسپانیاش جەختی کردەوە کە نابێت بودجەکە بۆ ئەم جۆرە ناوەندانە تەرخان بکرێ.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش رەخنەی تووند لەم پلانە دەگرن و ئەو شوێنانە بە "کونە رەشە یاساییەکان" ناودەبەن، کە تێیدا کۆچبەران بێ چارەنووس و بێ چاودێرییەکی یاسایی دروست دەمێننەوە.
بۆ ئەوەی ئەم پلانە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمانی ئەورووپایە.


.jpg&w=3840&q=75)
