رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا پلانێکی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیز راگەیاند، کە خۆی لە زیادکردنی کارمەند، ئامێری چاودێریی پێشکەوتوو و چڕکردنەوەی هاوکارییە هەواڵگرییەکان لەگەڵ بەریتانیا دەبینێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2026، ماگنوس برونەر، بەرپرسی کاروباری کۆچی یەکێتیی ئەورووپا، لە کاتی خستنەڕووی پلانەکەدا رایگەیاند، "ئێمە هاوکارییەکانمان لەگەڵ بەریتانیا بۆ شەڕی دژ بە قاچاخچییەکان و رێگریکردن لە گەیشتنی نایاسایی کۆچبەران بەهێزتر دەکەین."
پلانە نوێیەکەی یەکێتیی ئەورووپا چەند هەنگاوێکی سەرەکی لەخۆدەگرێ، لەوانە بەهێزکردنی "هەواڵگریی هاوبەشی فەرەنسا و بەریتانیا" لە ناوچەی کالێی فەرەنسی، هەروەها ناردنی کارمەند و ئامێری چاودێریی زیاتر لەلایەن ئاژانسی پاراستنی سنوورەکانی ئەورووپا (فرۆنتێکس).
کۆمیسیۆنی ئەورووپا رایگەیاندووە کە ناوەندێکی تایبەت بە یۆرۆپۆل (پۆلیسی ئەورووپا) بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕە تاوانکارییەکانی قاچاخچێتی کۆچبەران پەرەی پێدەدرێ.
هەروەها یەکێتییەکە کار لەسەر "دیپلۆماسییەتی کۆچ" دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کۆچبەرانیان لێوە دەچن یان پێیدا تێپەڕ دەبن، هاوکارییەکانی پەرەپێبدات.
پرسی پەڕینەوەی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک لە نۆکەندی ئینگلیز بووەتە بابەتێکی سیاسیی هەستیار لە بەریتانیا و فەرەنسا و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەهێزبوونی پێگەی راستڕۆ تووندڕۆکان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبووە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو زیاتر لە 41 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە پەڕیونەتەوە بەریتانیا، ئەمەش دووەم بەرزترین ئاستی ساڵانەیە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2018ـەوە تۆمارکردنی ئامارەکان دەستیپێکردووە.
کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئاماژەی بەوەش کردووە، هەرچەندە ئەم ساڵ رێژەی پەڕینەوەی نایاسایی بە نۆکەندی ئینگلیزدا 44% دابەزیوە، بەڵام هێشتا مەترسییەکان بەردەوامن.


.jpg&w=3840&q=75)
