رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کرواتیا رایدەگەیێنن،بەهۆی پێکدادانی کەشتییەکی گەورەی گەشتیاری و کەشتییەکی چارۆکەدار لە ناوەڕاستی دەریای ئەدریاتیک، 3 هاووڵاتیی چیکی گیانیان لەدەست دا و گەشتیارێکی دیکەش بێسەروشوێنە.
رۆژی یەکشەممە، ئادەم کۆرگۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چیک، بۆ ئاژانسی ئەی ئێف پی گوتی: "هەواڵی گیانلەدەستدانی لانیکەم 3 هاووڵاتیی وڵاتەکەمان بەهۆی ئەم پێکدادانە لە کرواتیا زۆر دڵتەنگی کردین." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەدواداچوونی وردتر بۆ رووداوەکە دەکەن.
وەزارەتی دەریا و گواستنەوەی کرواتیا لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، رووداوەکە لە ئاوەکانی نێوان دوورگەکانی "شۆڵتا" و "بڕاچ" رووی داوە؛ کاتێک کەشتییەکی گەشتیاریی کەرتی تایبەت لە کەشتییەکی چارۆکەداری هەڵگری ئاڵای فەرەنسا دەدات و بەو هۆیەوە کەشتییە چارۆکەدارەکە نوقم دەبێت.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، لە کاتی رووداوەکەدا 118 گەشتیار و 7 کارمەند لەسەر پشتی کەشتییە گەشتیارییەکە بوون کە هەموویان سەلامەتن، بەڵام کەشتییە چارۆکەدارەکە 8 کەسی هەڵگرتبوو، کە 3ـیان گیانیان لەدەست داوە، 4 کەس رزگار کراون و 1 کەسیش تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
ئاندرێ پلێنکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی کرواتیا، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خێزانی قوربانییەکان و ئاندرێ بابیش، هاوتا چیکیکەی کرد و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "رێوڕەسمی گەڕانی چڕوپڕ بۆ دۆزینەوەی کەسە بێسەروشوێنەکە بە هاوئاهەنگی هەموو تیمەکان بەردەوامە."
زێلیکۆ کوستێرا، بەڕێوەبەری بەندەری سپلیت رایگەیاند، درۆنێکی ژێردەریایی سوپای کرواتیا توانیویەتی کەشتییە نوقمبووەکە لە قووڵایی زیاتر لە 50 مەتردا بدۆزێتەوە و پێدەچێت کەسە بێسەروشوێنەکەش لە ناوەوەی کەشتییەکەدا بێت. ئۆپەراسیۆنی دەرهێنانەوەی کەشتییەکە بەیانیی رۆژی دووشەممە دەست پێ دەکات.
نەخۆشخانەی شاری سپلیت ئاماژەی بەوە کردووە، لە نێو رزگاربووەکاندا 3 کەسیان برینیان سووکە، بەڵام یەکێکیان بەهۆی سەختیی برینی بڕبڕەی پشتییەوە لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە. هاوکات جەخت کرایەوە کە چیدیکە مەترسی لەسەر سەرنشینانی کەشتییە گەشتیارییە گەورەکە نەماوە، چونکە هیچ کامیان تووشی پێکان نەبوون.



