رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا، تاوەکو ئێستا رێڕۆی 142 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و 9 کەشتیی دیکەشیان پەکخستووە، گەمارۆکە بەردەوامە بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە بازرگانییەکی نایاسایی کە خزمەت بە بەرنامە سەربازییەکانی تاران بکات.
رۆژی یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وێنەیەکی کەشتیی جەنگیی "یو ئێس ئێس میلیۆس" (USS Milius)ـی بڵاوکردەوە.
کەشتییەکە ئەرکی پاراستنی ئاوەکانی ناوچەکە و گەمارۆی سەر ئێران جێبەجێ دەکات. سێنتکۆم دەڵێ، سەربازەکانیان بە بەردەوامیی لەسەر کەشتییەکە چاودێریی بارودۆخەکە دەکەن تاوەکو رێگریی لە هەر سەرپێچییەک بکەن.
ئاماری گەمارۆ دەریاییەکە
بەگوێرەی نوێترین ئاماری سێنتکۆم، تاوەکو رۆژی 14ـی حوزەیران، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە رێڕۆی 142 کەشتیی بازرگانی بگۆڕن کە پابەندی رێنماییەکان بوون و نەیانویستووە گەمارۆکە ببەزێنن. لە بەرانبەردا، 9 کەشتیی کە پابەند نەبوون و هەوڵی گواستنەوەی کەلوپەلی قەدەخەکراویان داوە، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پەکخراون و لەکار خراون. واشنتن لەسەر ئەم رێکارانە یەکجار رژدە و دەیەوێ هەموو سەرچاوە داراییەکانی تاران وشک بکات.
رێککەوتن و کردنەوەی تەنگەی هورمز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران لەم چەند رۆژەدا واژۆ دەکرێ و دەستبەجێ تەنگەى هورمز دەکرێتەوە؛ لە کاتێکدا تاران لەبارەی کاتی واژۆکردنەکە گومانی هەیە و ناڕەزایەتیی نێوخۆیی دژی رێککەوتنەکە سەریهەڵداوە.
بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنەکە، ئێران پابەند دەبێت بە کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز بە رووی هەموو کەشتییە بازرگانییەکاندا. لە بەرانبەردا، ئەمریکا دەست دەکات بە لادانی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران؛ ئەم پرۆسەیە رێک دوای واژۆکردنی یاداشتنامەکە دەستپێدەکات و دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا بە تەواویی کۆتایی بێت.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)