رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە پێشهاتەکانی ئەمڕۆ ئاماژەن بۆ "رۆژێکی تایبەت" و جەختی کردەوە کە لایەنەکان زۆر لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئاشتیی نێوان واشنتن و تاران نزیکن؛ رێککەوتنێک کە بە گوتەی ئەو، ئاشتی بۆ تەواوی ناوچەکە و بە تایبەتی بۆ لوبنانیش دەهێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دوایین ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان رایگەیاند: "لەو هێرشەی کرایە سەر ئیسرائیل، کەس نەکوژراوە و کەسیش بریندار نەبووە." ترەمپ هێرشەکەی سەر باکووری ئیسرائیلی بە "بچووک و بێمانا" وەسف کرد و هاوکات رەخنەی لە وەڵامە سەربازییەکەی تەلئەڤیڤ گرت و گوتی: "ئیسرائیل مافی بەرگری لەخۆکردنی هەیە لە دژی هەڕەشەکان، بەڵام ئەو هێرشەی وەکو وەڵامدانەوە ئەنجامیان دا، زۆر بچووک و بێمانا بوو، و نەدەبوو ئەو هێرشەی سەر بەیرووت رووبدایە."
ترەمپ داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێی بارودۆخەکەی کرد و گوتی: "پێویستە هەموو لایەنەکان بکشێنەوە. نابێت چیدیکە هێرشی ئیسرائیل لە لوبنان هەبێت، و هاوکات پێویستیشە هیچ هێرشێک نەکرێتە سەر ئیسرائیل. ئەمە دەکرێت ببێتە سەرەتای ئاشتییەکی درێژخایەن و جوان، با تێکی نەدەین."
پەرەسەندنی مەیدانی لە لوبنان و فەرمانی چۆڵکردن
لێدوانە گەشبینەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان، کە هاوشانی نزیکبوونەوەی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران، ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان چڕتر کردووەتەوە. فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین هێرشیان کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی باشووری وڵاتەکە، بەتایبەتی دەوروبەری شاری نەبەتییە، کە بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە لەسەر ڕێگەی (کەفەر ڕەمان - نەبەتییە)، سەربازێکی سوپای لوبنان بە سەختی بریندار بوو.
سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بەپەلەی داوەتە دانیشتووانی 24 ناوچە لە باشووری لوبنان بۆ ئەوەی دەستبەجێ بەرەو باکووری ڕووباری زەهرانی (نۆکەندی ئەمنی نوێ) بڕۆن، پاش ئەوەی مانگی ڕابردوو تەواوی ناوچەکانی باشووری ئەو ڕووبەرەی وەک "ناوچەی جەنگ" ناساند. لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند، چەکدارەکانیان بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل و لە ناوچەی (کەفەر تەبنیت) رێگرییان لە دزەکردنی هێزە پیادەکانی ئیسرائیل کردووە. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 70 پێگەی حیزبوڵڵایان پێکاوە.
لوبنان لە نێوان سەروەریی دەوڵەت و لۆژیکی میلیشیادا
ئەم گرژییە سەربازییانە لە کاتێکدان کە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا پشتڕاستی کردووەتەوە کە رەشنووسی رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی واشنتن و تاران، دۆسیەی لوبنانیش دەگرێتەوە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا ئیسرائیل و حیزبوڵڵا پابەندی هیچ کام لە ئاگربەستە پێشووەکان نەبوون.
لە ناوخۆی لوبنانیشدا، قەیرانەکە رەهەندی سیاسیی قووڵتری گرتووەتە بەر. جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە پەیامێکی تونددا رایگەیاند کە وڵاتەکەی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازدایە و گوتی: "یان دەبێت گەلی لوبنان لە دەوری دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری کۆببنەوە کە چەک تەنیا لەژێر دەستی ئەودا بێت، یاخود وەک بارمتەی لۆژیکی میلیشیاکان بمێننەوە." تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 3756 کەس لە لوبنان کوژراون و بەشێک لە سەرکردە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەش تاران تۆمەتبار دەکەن بەوەی لوبنانی کردووەتە "کارتی گوشار" لە دانوستاندنەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا.
له لایهكی دیكهوه، عەلی فەییاز، پەرلەمانتاری حیزبوڵڵا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێویستە لوبنان بە هەر رێککەوتنێکی ئەمریکا و ئێران رازی بێت کە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی تێدا بێت، بەڵام جەختی کردەوە کە "دەوڵەت دەبێت دەستبەرداری سیاسەتی خۆبەدەستەوەدان بێت لەبەردەم ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان." چاودێران چاوەڕوان دەکەن لە کۆتایی ئەم مانگەدا گەڕێکی نوێی دانوستاندنە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ گەیشتن بە میکانیزمێکی جێگیر بەڕێوەبچێت.

.jpeg&w=3840&q=75)

