رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، هاووڵاتییانی سویسرا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ بڕیاردان لەسەر دوو پرسی هەستیار و مشتومڕاوی؛ یەکەمیان دیاریکردنی سنوورێک بۆ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە و دووەمیان سنووردارکردنی مافی "رەتکردنەوەی خزمەتی سەربازی".
بەگوێرەی راپرسییەکان، ئەنجامی هەردوو دەنگدانەکە زۆر لە یەکدیی نزیک دەبن و پێشبینی دەکرێت ململانێیەکی تووند لەنێوان لایەنگران و نەیارانی ئەو دوو پڕۆژەیەدا هەبێت. زۆربەی دەنگدەران پێشوەختە لە رێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە و بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامە بەراییەکان رابگەیێندرێن.
"نەخێر بۆ سویسرایەکی 10 ملیۆن کەسی"
گەورەترین مشتومڕ لەسەر دەسپێشخەرییەک دەکرێت کە ناوی لێنراوە "نەخێر بۆ سویسرایەکی 10 ملیۆن کەسی!". ئەم پڕۆژەیە لەلایەن پارتی گەلی سویسرا کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە پێشکێشکراوە.
ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە رێگری بکرێت لەوەی ژمارەی دانیشتووانی سویسرا (کە ئێستا 9.1 ملیۆن کەسە) پێش ساڵی 2050 بگاتە 10 ملیۆن کەس. ئەگەر ئەم پڕۆژەیە پەسند بکرێت، حکومەت ناچار دەبێت رێکاری زۆر تووند دژی هاتنی بیانییەکان بگرێتەبەر، کە ئێستا زیاتر لە چوارەکی دانیشتووانی سویسرا پێکدەهێنن.
پارتی گەلی سویسرا هۆکاری کێشەکانی نیشتەجێبوون، بەرزبوونەوەی کرێی خانوو، قەرەباڵخیی شەمەندەفەرەکان و جەنجاڵیی هاتووچۆ بۆ "کۆچی بەکۆمەڵ" دەگەڕێنێتەوە. ئیڤان پاهود، پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەڵێت: "سویسرا وڵاتێکی بچووکە و چیدیکە فراوان نابێت، ئێمە نامانەوێت پێشوازی لە تەواوی ئەورووپا بکەین."
هۆشداری لە "برێکزیتی سویسری"
لە بەرامبەردا، حکومەت، پەرلەمان و کەرتە ئابوورییەکانی سویسرا دژی ئەم پڕۆژەیەن و هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی "پاشاگەردانی" و تێکچوونی پەیوەندییە بازرگانییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا.
بیت جانس، وەزیری داد و پۆلیسی سویسرا هۆشداری داوە کە ئەم دەنگدانە رەنگە ببێتە "برێکزیتی سویسری" و زیانێکی گەورە لە ئابووریی وڵاتەکە بدات.
خزمەتی سەربازی یان خزمەتی شارستانی؟
دەنگدانەکەی دیکە پەیوەستە بە خزمەتی سەربازی. حکومەت و پەرلەمان دەیانەوێت خزمەتی "شارستانی" (کە وەک جێگرەوەیەک بۆ خزمەتی سەربازی بەکاردێت) قورستر و کەمتر سەرنجڕاکێش بکەن، ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان و شەڕی ئۆکرانیا کە وای کردووە وڵاتانی ئەورووپا هەوڵی بەهێزکردنی سوپاکانیان بدەن.
لە سویسرا خزمەتی سەربازی بۆ پیاوان ناچارییە، بەڵام لە ساڵی 1996ـەوە رێگە دراوە ئەو کەسانەی بەهۆی بیروباوەڕی سیاسی یان ئاینییەوە ئامادە نین چەک هەڵبگرن، خزمەتی شارستانی بکەن. لە ساڵی 2009ـەوە ژمارەی ئەو کەسانەی پەنا دەبەنە بەر خزمەتی شارستانی زۆر زیادی کردووە، ئەمەش نیگەرانیی لای حکومەت دروستکردووە.
لایەنە چەپەکان دژی ئەم گۆڕانکارییانەن و دەڵێن، حکومەت دەیەوێت جێگرەوەی خزمەتی سەربازی بەتەواوی نەهێڵێت. لێرەشدا راپرسییەکان دەریدەخەن کە دەنگی "بەڵێ" و "نەخێر" زۆر لە یەکدییەوە نزیکن.



