رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە شێوازێکی جیاواز و پڕ لە مشتومڕ یادی 80 ساڵەی تەمەنی دەکاتەوە. بڕیارە رۆژی یەکشەممە [بە کاتی ئەمریکا]، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، پاڵەوانێتییەکی "زۆرانبازیی نێو قەفەز" لەسەر چیمەنی کۆشکی سپی بەڕێوەبچێت.
ئەم چالاکییە کە ناوی لێنراوە "UFC Freedom 250"، تێیدا 14 ئەستێرەی جیهانیی زۆرانبازیی نێو قەفەز لەنێو گۆڕەپانێکی گەورەدا بەناوی "The Claw" رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. تێچووی ئەم رێوڕەسمە 60 ملیۆن دۆلارە و هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگەکانی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی 80 ساڵەی ترەمپ وەک بەتەمەنترین سەرۆک لە مێژووی وڵاتەکەدا.
ئاهەنگ لە نێوجەرگەی شەڕدا
رەخنەگران هێرش دەکەنە سەر ئەم هەنگاوەی ترەمپ و دەڵێن، ئەنجامدانی نمایشێکی وەرزشیی تووندوتیژ لە حەوشەی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە شەڕدایە لەگەڵ ئێران و نرخەکان بەهۆی ئەو گرژییانەوە بەرزبوونەتەوە، ئەوەش بە کارێکی نەشیاو دەبینن.
ئەم نمایشە لە کاتێکدایە، ئەگەری هەیە ئەمڕۆ ترەمپ رێککەوتنێکی مێژوویی ئاشتی لەگەڵ ئێران واژۆ بکات، هەرچەندە تاران تاوەکو ئێستا گومانی لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە هەیە.
ترەمپ، کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ وەرزشی (UFC) هەیە، لەبارەی ئەم نمایشەوە دەڵێت، "ئەمە دەبێتە رووداوێک کە بەڕاستی حەزتان لێی دەبێت." کۆشکی سپی رایگەیاندووە، رێکخراوی UFC خۆی تەواوی تێچووەکە دەگرێتە ئەستۆ.
کۆشکی سپی دەبێتە مەیدانی شەڕ
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، بەشێک لە شەڕکەرە بەنێوبانگەکان لەنێو کۆشکی سپییەوە بەرەو حەوشەی باشووری کۆشکی سپی بچنە دەرەوە. گۆڕەپانی شەڕەکە لە حەوشەی کۆشکی سپی جێگیر کراوە و شوێنی زیاتر لە 4000 بینەری تێدا کراوەتەوە.
مایکڵ چاندلەر، یەکێک لە شەڕکەرە بەشداربووەکان دەڵێت، "ئەمە گەورەترین رووداوی مێژووییە لە وەرزشە شەڕکەرەکاندا." هەروەها بڕیارە لەنێوان گەڕەکانی شەڕەکەدا، تابلۆی مێژوویی، مارشی سەربازی و نمایشێکی 10 خولەکیی یارییە ئاگرینەکان پێشکێش بکرێن.
تەندروستیی ترەمپ لە 80 ساڵیدا
ئەم نمایشە لە کاتێکدایە کە پرسیارەکان لەبارەی تەندروستیی ترەمپ لە تەمەنی 80 ساڵیدا زیاد بوون. ترەمپ بەردەوام هەوڵ دەدات هێز و توانای خۆی بەراورد بکات بە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کە بەهۆی تەمەن و باری تەندروستییەوە ناچار بوو لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی بکشێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی پزیشکەکەی دەڵێت، تەندروستیی نایابە، بەڵام هەندێک نیشانەی وەک ماندوێتی لە کۆبوونەوەکاندا لەسەر ترەمپ دەرکەوتوون. ترەمپ خۆی لە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت، "زۆر دڵخۆش نیم بەم رۆژی لەدایکبوونە، ژمارەکەم (80) بەلاوە جوان نییە، بەڵام هەر لێرەم."
بۆ یادی لەدایکبوونی پار ساڵیشی، ترەمپ سەرپەرشتیی نمایشێکی سەربازیی گەورەی کرد لە واشنتن بەبۆنەی 250 ساڵەی دامەزراندنی سوپای ئەمریکا.



