رووداو دیجیتاڵ
کۆریای باکوور رایگەیاند کە پێگەی وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی "پاشەکشەی لێناکرێت" و پایەیەکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەیی، بەمەش داواکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی رەتکردەوە.
پیۆنگیانگ بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە دەستبەرداری جبەخانە ئەتۆمییەکەی نابێت و وەک ئامرازێکی پێویست بۆ "بەرپەرچدانەوە" دەیبینێت. کیم یۆ جۆنگ، خوشکی رێبەری کۆریای باکوور، لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەم سیاسەتەی وەک "هێڵی بێ پاشەکشە" ناوبرد.
وەڵامێک بۆ کۆبوونەوەی تۆکیۆ
ئەم هەڵوێستە توندەی کۆریای باکوور دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی، هەریەکە لە کۆریای باشوور، ژاپۆن و ئەمریکا لە تۆکیۆ کۆبوونەوە و پابەندیی خۆیان بۆ "داماڵینی تەواوەتی چەکی ئەتۆمی لە نیمچە دوورگەی کۆریا" دووپاتکردەوە.
گوتەبێژێکی حکومەتی کۆریای باکوور لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "لێدوانە بێماناکانی ئەمریکا و هێزە پاشکۆکانی دژی کۆماری دیموکراتی گەلی کۆریا، هەرگیز ناتوانن کاریگەرییان لەسەر پێگەی نەگۆڕەکەی وڵاتەکەمان هەبێت وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی. پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمیش بۆ هەمیشە کۆتایی هاتووە."
پاساوەکان و شکستی دانوستاندن
ئەو بەرپرسەی کۆریای باکوور، فرۆشتنی چەک و سیستەمی بەرگری لەلایەن واشنتنەوە بە سیئۆل و تۆکیۆ، وەک پاساوێک بۆ بەردەوامبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی دەبینێت و دەڵێت، "ئەوە گەرەنتییەکی بەهێزی ئەمنییە بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە."
کۆریای باکوور لە دوای شکستی دانوستاندنەکانی ساڵی 2019ی نێوان کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ لە هانۆی، پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی خێراتر کردووە. گوتەبێژەکەی پیۆنگیانگ بە ئاماژەدان بەو دانوستاندنە بێ ئەنجامانە، گوتی، "هیچ کەس ناتوانێت ئەو هەلە بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی بگەڕێنێتەوە."
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدان، کە بەم دواییانە کیم جۆنگ ئون لە پیۆنگیانگ میوانداریی شی جینپینگ، سەرۆکی چینی کرد، بەڵام لە میدیا فەرمییەکانی هەردوو وڵاتدا هیچ ئاماژەیەک بە پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی نەکراوە.



.jpg&w=3840&q=75)