رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممە (سبەی) رێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا بە فەرمی واژۆ بکرێت و دەستبەجێ دوای واژۆکردنەکەش، تەنگەی هورمز بکرێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رێککەوتنەکەی ئەو بە تەواوی پێچەوانەی رێککەوتنەکەی باراک ئۆبامایە و وەک "دیوارێک بۆ رێگری لە چەکی ئەتۆمی" کاردەکات.
رۆژی شەممە 13-06-2026، ترەمپ گەشبینیی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نیشاندا و نووسی، "بڕیارە رێککەوتنەکە سبەی [رۆژی یەکشەممە] واژۆ بکرێت و دەستبەجێ دوای واژۆکردنی، تەنگەی هورمز بەڕووی هەموواندا دەکرێتەوە." ترەمپ گوتی، پەیوەندییان لەگەڵ ئێران لە هەر کاتێک زۆر جیاوازتر و باشترە.
سەرۆکی ئەمریکا هێڵی سووری وڵاتەکەی بۆ پرۆگرامی ئەتۆمیی تاران دووپاتکردەوە و گوتی، رێککەوتنەکەی ئەو پێچەوانەی رابردووە و ئێستا ئێرانییەکان چیدی چەکی ئەتۆمییان ناوێت و ناشیانبێت، جا چ لە رێگەی کڕین، گەشەپێدان یان هەر شێوازێکی دیکەی بەدەستهێنانەوە بێت.
ترەمپ بە وردی پلانی گواستنەوەی ژێرخانی ئەتۆمیی تارانی خستەڕوو و نووسیویەتی: "له کاتی گونجاودا، کاتێک هەموو شتێک هێمن بووەوە، ئێمە دەڕۆین و تۆزی ئەتۆمی (یۆرانیۆمی پیتێندراو) دەردەهێنین، کە بە قووڵی لە ژێر شاخە گرانێتە بەهێزە ژێرخاک کەوتووەکاندا نێژراوە، ئەمەش بەهۆی فڕۆکە بۆمبهاوێژە نایابەکانی جۆری B-2 و فڕۆکەوانە لێهاتووەکانیانەوە، تەنکی دەکەینەوە و لەناوی دەبەین، جا چ لە ئێران بێت یان لە ئەمریکا." ترەمپ گوتیشی، بۆ کارکردنی درێژخایەن لەگەڵ ئێران و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە داهاتوودا بەپەرۆشە.
ترەمپ هێرشی کردە سەر رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 لە سەردەمی ئۆبامادا، بە "رێگەیەکی ئاسان، جوان و نەرم بەرەو چەکی ئەتۆمی" وەسفیکرد، کە ئەگەر مابا ئێران "شەش ساڵ لەمەوبەر دەبووە خاوەنی." ترەمپ دووپاتیکردەوە، بە پێچەوانەی ئۆباما کە "سەدان ملیار دۆلار"ـی پێدان، لەوانەش 1.7 ملیار دۆلار بە پارەی کاشی سەوز، لەم رێککەوتنە نوێیەدا "هیچ پارەیەک نانێردرێت."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا، ئەگەر ئەم پرۆسەیە بە خێرایی و ئاسانی جێبەجێ نەبێت، جێگرەوەیەکی باشیان هەیە، "هیوادارم ئەم پرۆسەیە زۆر بە خێرایی، ئاسانی و نەرمی بەڕێوەبچێت. ئەگەر وا نەبوو، ئێمە جێگرەوەی کۆتاییمان لەبەردەستدایە [ئاماژەیە بۆ هێزی سەربازی]، کە هیوادارم جارێکی دیکە بەکارنەیەتەوە."
دەقی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە (ترووس سۆشیاڵ):
"رێککەوتنەکەی باراک حوسێن ئۆباما لەگەڵ ئێران JCPOA، رێگەیەکی ئاسان، جوان و نەرم بوو بەرەو چەکی ئەتۆمی، کە ئەگەر وا بووایە ئێران شەش ساڵ لەمەوبەر دەبووە خاوەنی و زۆر پێش ئێستاش بەکاری دەهێنا. رێککەوتنی من لەگەڵ ئێراندا تەواو پێچەوانەکەیەتی، دیوارێکە بۆ رێگری لە چەکی ئەتۆمی! لە راستیدا، ئەوان چیدی چەکی ئەتۆمییان ناوێت و ناشیانبێت، جا چ لە رێگەی کڕین، گەشەپێدان، یان هەر شێوازێکی دیکەی بەدەستهێنانەوە بێت. بڕیارە رێککەوتنەکە سبەی واژۆ بکرێت و دەستبەجێ دوای واژۆکردنی، تەنگەی هورمز بەڕووی هەموواندا بکرێتەوە. پەیوەندیمان لەگەڵ ئێراندا زۆر جیاوازتر و باشترە لەوەی ئیدارەکانی پێشوو هەیانبووە. بە پێچەوانەی سەدان ملیار دۆلاری ئۆباما لە پارەپێدان پێیان، لەنێویشیاندا 1.7 ملیار دۆلار بە پارەی کاش لە دۆلاری سەوز و بەرجەستە، [ئەم جارە] هیچ پارەیەک نانێردرێت. لە کاتی گونجاودا، کاتێک هەموو شتێک هێمن بووەوە، ئێمە دەڕۆینە ئەوێ و تۆزی ئەتۆمی دەردەهێنین، کە بە قووڵی لە ژێر شاخە گرانێتە بەهێزە ژێرخاک کەوتووەکاندا نێژراوە، ئەمەش بەهۆی فڕۆکە بۆمبهاوێژە جوانەکانی B-2 و فڕۆکەوانە لێهاتووەکانیانەوە، تەنکی دەکەینەوە و لەناوی دەبەین، جا چ لە ئێران بێت یان لە ئەمریکا. ئێمە بۆ کارکردن لەگەڵ ئێران و تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە داهاتوویەکی درێژخایەندا بەپەرۆشین. هیوادارین ئەم پرۆسەیە زۆر بە خێرایی، ئاسانی و نەرمی بەڕێوەبچێت. ئەگەر وا نەبوو، ئێمە جێگرەوەی کۆتاییمان لەبەردەستدایە، کە هیوادارم جارێکی دیکە بەکارنەیەتەوە."


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)