رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایدەگەیێنێت، ئیسلامئاباد سبەی یەکشەممە رێوڕەسمێکی دیجیتاڵی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران رێکدەخات.
ئەو بەرپرسە روونی کردەوە، رێوڕەسمەکە بە شێوەی ئۆنلاین و بە پەیوەندیی ڤیدیۆیی دەکرێت، ئەمەش وەک بەشێک لە ئامادەکارییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو لایەن بۆ کۆتاییهێنان بەم قۆناخە ئاڵۆزەی ناوچەکە.
ئەم راگەیاندنەی پاکستان دوای زنجیرەیەک لێدوانی ئەرێنی دێت کە ئاماژەیان بە پێشکەوتنی گەورە لە دانوستاندنەکاندا دەدا. لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی ئەمریکایی جەختیان لە گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی تەواو کردبووەوە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ئاماژەی بەوە کردبوو کە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
پێشتریش سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاشکرای کردبوو، واشنتن و تاران ئامادەن بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی. هەرچەندە تاوەکو ئێستا راگەیێندراوێکی فەرمیی هاوبەش لەلایەن ئەمریکا یان ئێرانەوە بۆ پشتڕاستکردنەوەی کاتی وردی واژۆکردنەکە دەرنەچووە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بەرەو کۆتاییهێنان بە گرژییەکان دەچن.
کەمێک بەر لەم راگەیێندراوە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، "دەبێت چاوەڕوان بین؛ هەرچەندە سبەی [رێککەوتنەکە] واژۆ ناکرێت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە لە رۆژانی داهاتوودا ئەمە روو بدات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ناجێگیری و دوودڵیی لایەنی بەرامبەر لە بڕیارەکانیدا، دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پڕۆسەیەدا بکەن و چیدیکە پەلە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان نەکەن.
11ی حوزەیران دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، ''لەبەر ئەوەی دانوستاندنـەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی سەرکردایەتیی ئێران و پەسند کراون، وەک سەرۆکی ئەمریکا، هێرش و بۆردوومانە پلانبۆدانراوەکانی ئەمشەوم بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندنەوە."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، رێککەوتنەکە رەزامەندیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەرە و ''دانوستاندنـەکان و خاڵەکانی کۆتایی، لە رووی بیرۆکە و وردەکاریی زۆرەوە، لەلایەن سەرجەم لایەنە بەشدارەکانەوە پەسەند کراون، لەنێویاندا ئەمریکا، ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا، پاکستان، بەحرێن، کوێت، ئوردن، میسر و چەندین وڵاتی دیکە."
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)