رووداو - دیجیتاڵ
"تەنانەت لەناو فڕۆکەکەشدا دڵنیا نین" گەشتیارێک کە بلیتی پێیە و بەرەو فڕۆکەکە بەڕێدەکەوێت، نادڵنیایی خۆی ناشارێتەوە و دەڵێت: "راستە بلیتەکەم بەدەستەوەیە، بەڵام هێشتا دڵنیانیم؛ لەوانەیە لەوێ بڵێن بگەڕێنەوە. تەنیا هیوام ئەوەیە راستەوخۆ بفڕین بۆ هەولێر."
بۆ زۆربەی ئەم گەشتیارانە، ئەمە پلانێکی چەند مانگی بوو کە گۆڕانکارییە ئەمنییەکان کتوپڕ تێکیاندا. شەهێن رەحیم کە لە مانگی ئادارەوە بلیتی بڕیوە، دەڵێت: "دڵەڕاوکێیەکی زۆر بوو، ئەمڕۆ نا بەیانی گەشتەکەمان دوا دەکەوت. بەبەردەوامی لەگەڵ کۆمپانیاکە لەسەر خەت بووم."
نەوزاد سەعید، هاونیشتمانییەکی دیکەیە کە 11 ساڵە لە ئەڵمانیایە، ئەو دەڵێت: "لە شەوەوە نەخەوتووم و تەنیا سەیری هەواڵەکانم دەکرد ئایا فڕۆکەکە دەفڕێت یان نا. چەند جارێک گەشتەکەم کانسڵ ببوو، بۆیە تاوەکو ئێستا باوەڕ ناکەم کە دواجار سەفەرەکەم بوو بە واقیع."
لە نووسینگە گەشتیارییەکان، کێشەکە گۆڕاوە؛ تەلەفۆنەکان بێدەنگ نابن، خەڵک تەنیا یەک پرسیاری چارەنووسساز دەکەن: ئایا لەم بارودۆخەدا بلیت ببڕین یان نا؟
بەدیعە، کە دەیەوێت لەگەڵ کوڕەکەیدا سەردانی کوردستان بکات، وەرگرتنی مۆڵەتی سنووردار لە کارەکەی، دۆخەکەی بۆ قورستر کردووە. ئەو دەڵێت: "دوێنێ سێ جار تەلەفۆنم کردووە بزانم فڕۆکەکە دەفڕێت یان نا، چونکە کوڕەکەم مۆڵەتەکەی کەمە و دەبێت مەزبووت بڕۆین و بگەڕێینەوە. لە نێوان دڵەڕاوکێی کڕین و نەکرینی بلیتدا ماومەتەوە."
مەهدی، کە بریکاری فرۆشتنی بلیتە، ئاماژە بەو گوشارە دەکات کە لەسەریانە و دەڵێت: "ئێمە لە نێوان هێڵە ئاسمانییەکان و گەشتیاراندا لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردایین. کاتێک ئاسمان دەبەسرێت دەسەڵاتی کەسی تێدا نییە، بەڵام مافی گەشتیاران نافەوتێت؛ ئەگەر گەشتێک کانسڵ بێت، دەتوانن بلیتەکەیان بۆ کاتێکی دیکە یان شارێکی دیکە بگۆڕن."
هەرچەندە هێڵە ئاسمانییەکان گەرەنتی پارەی بلیتەکان دەکەن، بەڵام بۆ رەوەندی کوردی لە ئەورووپا، کێشەکە تەنیا ماددی نییە، بەڵکو ئەو کات و مۆڵەتە سنووردارەیە کە دەیانەوێت پێش تێکچوونی زیاتری دۆخی ئاسمان، بگەنەوە باوەشی کەسوکاریان لە نیشتمان.
.jpg&w=3840&q=75)

