رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چەندین تۆڕی نێودەوڵەتیی "گەشتوگوزاری لەدایکبوون"یان لە سەرانسەری جیهان هەڵوەشاندووەتەوە و سەدان ڤیزایان پوچەڵ کردووەتەوە؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێگری لەو بیانییانەی دەیانەوێت تەنیا بۆ بەدەستهێنانی وڵاتینامە ئەمریکی بۆ منداڵەکانیان، گەشت بکەن.
بەپێی راپۆرتێکی میدیای ئەمریکی، باڵیۆزخانەکانی واشنتن لە رۆژئاوای ئەفریقا، ئەورووپا و باکووری ئەفریقا بەڵگەیان لەسەر چەندین پلانی رێکخراو دۆزیوەتەوە، کە تێیدا بە بەڵگەنامەی ساختە ئاسانکارییان بۆ ژنانی دووگیان کردووە تاوەکو لەناو خاکی ئەمریکا منداڵیان ببێت.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە رۆژئاوای ئەفریقا: تۆڕێکی "پێشکەوتوو" دۆزراوەتەوە کە زیاتر لە 100 هاووڵاتی بە بەڵگەنامەی ساختە ڤیزایان پێدرابوو، دەستبەجێ هەموو ڤیزاکان پوچەڵ کرانەوە. لە ئەورووپاش لێکۆڵەران 400 کەیسی گوماناوییان دۆزیوەتەوە کە پەیوەندییان بە شەش کۆمپانیاوە هەبووە؛ ئەو کۆمپانیایانە مەشقیان بە داواکارانی ڤیزا کردووە چۆن لە چاوپێکەوتنەکاندا فێڵ بکەن. هەروەها لە باکووری ئەفریقا زیاتر لە 100 ڤیزای دیکە پوچەڵ کرانەوە و ژمارەیەک کەسیش بۆ هەمیشە مافی گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا لێسەندرایەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ڤیزای ئەمریکا ئیمتیازە نەک ماف؛ هەر کەسێک بیەوێت فێڵ لە سیستەمەکەمان بکات، رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە."
ئەم لێکۆڵینەوانە دوای ئەوە دێن، کە پێشتر لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تێکساس، سەنتەرێکی چاودێری رووبەڕووی داوای یاسایی بووەوە بە تۆمەتی ئاسانکاری بۆ لەدایکبوونی زیاتر لە هەزار کۆرپەی هاووڵاتییانی چینی بە شێوەیەکی نایاسایی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە لە کانوونی دووەمی 2025 دەستبەکاربووەوە، فەرمانێکی سەرۆکایەتی بۆ کۆتاییهێنان بە "مافی وڵاتینامە بەهۆی لەدایکبوون" (Birthright Citizenship) واژۆ کرد، بەڵام ئێستا بڕیارەکە لە دادگاکان راگیراوە.
چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا دادگای باڵای ئەمریکا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم پرسە بدات. ترەمپ، کە وەک یەکەم سەرۆک لە مێژوودا لە دانیشتنی دادگای باڵا ئامادە بوو، رایگەیاند: "ئێمە تەنیا وڵاتین لە جیهاندا کە هێندە گەمژە بین رێگە بە مافی وڵاتینامە بدەین تەنیا لەبەر لەدایکبوون."
ئەم بڕیارەی ترەمپ ئەگەر لەلایەن دادگاوە پەسند بکرێت، گۆڕانکارییەکی گەورە لە یاسای کۆچبەریی ئەمریکا دروست دەکات کە لە ساڵی 1868ـەوە کاری پێدەکرێت.




