رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین پۆستیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، هێرشێکی تووندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران و رایگەیاند، ئەو شتانەی تاران لەبارەی مەرجەکانی رێککەوتنی نێوانیان لە میدیادا بڵاویان دەکاتەوە، "دوورن لە راستییەوە؛" ئاماژە بەوەش دەکات، شەوی رابردوو ئێران هێرشی درۆنیی کردووەتە سەر کەشتییەکانی هیندستان کە ئەوە "قبووڵنەکراوە".
ترەمپ نووسیویەتی: "ئەو مەرجانەی ئێران لە میدیا ساختەکانەوە دزەی پێ کردوون، هیچ پەیوەندییان بەو مەرجانەوە نییە کە ئێمە بەنووسراو لەسەریان رێککەوتین."
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێ: "ئەو شتەی ئەوان دەیڵێن، لەنێویاندا راگەیێندراوە لاواز و پڕوپووچەکەیان لەبارەی گەیشتن بە رێککەوتن، دوورە لە راستییەوە."
ترەمپ لە بارەی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەڵێ: "لە مامەڵەکردندا کەسانێکی ناپیاون. لای ئەمانە، شتێک نییە بە ناوی مامەڵەکردن بە نیازپاکی. جێگەی سەرسوڕمانە!"
سەبارەت بە گرژییە سەربازییەکانیش، سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە شەوی رابردوو ئێران هێرشی درۆنیی کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی هیندستان کە لە تەنگەی هورمز دەچوونە دەرەوە، بەڵام هێرشەکە تێکشکێنراوە.
ترەمپ ئەو هێرشەی بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد و هۆشداریی تووندی دایە تاران و نووسیویەتی: "باشترە بە زووترین کات رەفتارەکانیان چاک بکەن."



