رووداو دیجیتاڵ
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و هەرەسی زەوی لە دوورگەی سۆماترای ئیندۆنیزیا، ساڵی رابردوو نزیکەی 58 ئەیپی جۆری "ئۆرەنگوتانی تاپانولی" کە لەژێر مەترسییەکی تووندی لەنێوچووندان، گیانیان لەدەستداوە.
توێژەران دەڵێن، ئەم رێژەیە دەکاتە 7%ی کۆی گشتیی ئەم جۆرە ئەیپە لە جیهاندا، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە لە هەوڵەکانی پاراستنیان.
توێژینەوەکە لە 10ی حوزەیرانی 2026 لە گۆڤاری زانستیی (Current Biology)دا بڵاوکراوەتەوە. توێژەرانی رێکخراوی (Borneo Futures)، دامەزراوەی (World Weather Attribution) و زانکۆی (Liverpool John Moores) بەشدارییان تێداکردووە.
ئەیپ جۆرێکی گیانداری شیردەرە، کە مرۆڤیش بەشێکە لەو گرووپە. ئەوانەی وەکو ئەیپ پۆلێنکراون بریتین لە مرۆڤ، شامپانزی، گۆریلا، ئۆرەنگوتان و بونۆبۆ.
مەترسیی لەنێوچوونی یەکجاری
ئەم جۆرە گیاندارە دەگمەنە، کە زیاتر لە هەر جۆرێکی دیکەی ئەیپەکان مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە، لە ساڵی 2017دا وەکو جۆرێکی سەربەخۆ ناسێندرا. ئێستا پێشبینی دەکرێت کەمتر لە 800 دانەیان لە سروشتدا مابێتنەوە.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە چوار رۆژ بارانبارینی بێوچان و بەخوڕ کە بەهۆی گەردەلولی "سێنیار"ەوە دروستببوو، بووە هۆی لافاو و زەوی هەرەس لە دارستانی "باتانگ تۆرو" لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا. ئەو گەردەلوولە وێرانکارییەکی بەربڵاوی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاش لێکەوتەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 1,000 کەس.
زیانەکان زیاترن لە ئامارە فەرمییەکان
توێژەران ئاماژە بەوە دەدەن، خەمڵاندنی گیانلەدەستدانی 58 ئۆرەنگوتان تەنیا ژمارەیەکی سەرەتایی و کەمترینە، چونکە ئەو ئاژەڵانە ناگرێتەوە کە لە داهاتوودا بەهۆی تێکچوونی ژینگە و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی خۆراکەوە گیان لەدەستدەدەن. کەسانی چالاک لە بواری پاراستنی ژیانی کێوی دەڵێن، چەند هەفتەیەک دوای گەردەلوولەکە، تەرمی ئۆرەنگوتانێکیان بە ژێر قوڕ و لیتەوە دۆزیوەتەوە. توێژەران باس لەوە دەکەن، هەرەسە گەورەکانی زەوی لەو ناوچەیە هیوایەکی کەمیان بۆ رزگاربوونی ئەم گیاندارانە هێشتووەتەوە.
هۆشداریی لە گۆڕانی کەشوهەوا
ئامادەکارانی توێژینەوەکە هۆشداری دەدەن کە ئەم زیانە زۆر زیاترە لەوەی کە ئەم جۆرە ئاژەڵە بتوانێت بەرگەی بگرێت. توێژینەوەکانی پێشوو دەریانخستووە ئەگەر ساڵانە زیاتر لە 1%ی کۆی گشتیی ئۆرەنگوتانی تاپانولی لەنێوبچێت، ئەوا رووبەڕووی لەنێوچوونی یەکجاری دەبنەوە.
گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی زیادبوونی رێژە و تووندیی بارانبارینی بەخوڕ لە ناوچەکەدا، ئەمەش مەترسیی زیاتر بۆ سەر مانەوەی ئەم جۆرە ئاژەڵانە دروست دەکات. لە کۆتایی توێژینەوەکەدا، داواکراوە کە رێوشوێنی تووندتر بۆ پاراستنی ئۆرەنگوتانەکان بگیرێتەبەر و پاڵپشتیی نێودەوڵەتیشیان بۆ پەیدا بکرێت.
.jpg&w=3840&q=75)


