رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەتی چین لە هۆشدارییەکدا رایگەیاند، دەزگا سیخوڕییە بیانییەکان ئامێری هەستیاریان لەسەر جەستەی کیسەڵ و ماسییەکان جێگیر کردووە؛ ئەمەش بە مەبەستی دۆزینەوەی نهێنییەکانی ژێر ئاو و کێشانی نەخشەی کەناراوەکانی چین.
رۆژی هەینی 12ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی ئاسایشی دەوڵەتی چین لە راگەیێندراوێکدا بە ناوی "لە ژێر شینایی قووڵدا، شەپۆلە نهێنییەکان هەڵدەچن"، ئاشکرای کرد کە ئاژانسە سیخوڕییە نێودەوڵەتییەکان "جۆری نوێی ئامێری سیخوڕی" بەکاردەهێنن بۆ دزینی زانیارییە هەستیارە دەریاییەکان.
"کیسەڵ و ماسیی سیخوڕ"
لە راگەیێندراوەکەی بەیجیندا هاتووە: "گیانەوەرە دەریاییە گەورەکان کە هەستەوەریان پێوە بەستراوە، لە هەندێک لە ئاوەکانی چین دۆزراونەتەوە." وەزارەتەکە ئەم گیانەوەرانەی بە "کیسەڵی سیخوڕ و ماسیی سیخوڕ" ناوبردووە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ئاسایش، ئەم گیانەوەرانە لە ناوچە ستراتیژییەکاندا مەلە دەکەن و زانیاری لەسەر پلەی گەرمیی ئاو، رێژەی خوێ و شەپۆلەکانی ئۆقیانووس کۆدەکەنەوە، دواتریش لە ڕێگەی مانگی دەستکردەوە زانیارییەکان بۆ دەرەوەی وڵات رەوانە دەکەن.
بەرپرسانی چین دەڵێن، ئەم زانیارییانە بۆ دروستکردنی "نەخشەی ژێر ئاو" بەکاردێن تاوەکو خاڵە لاوازەکانی سیستەمی بەرگریی کەناراوەکانی چین بدۆزرێنەوە، ئەمەش وەک "هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی" وەسف کراوە. وەزارەتەکە داوای لە ماسیگرەکان کردووە هەر ئامێرێکی گوماناوییان بینی، دەستبەجێ لایەنە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.
ئەم تۆمەتبارکردنانە لە کاتێکدایە، چین و وڵاتانی رۆژئاوا لە ململانێیەکی تووندی هەواڵگریدان. پار، چین هۆشداریی دابووە فەرمانبەرانی کە نەکەونە داوی "خەڵەتاندنی سێکسی" لەلایەن سیخوڕە بیانییەکانەوە.
لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی "پێنج چاو" (Five Eyes) کە دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و نیوزلەندا لەخۆدەگرێت، چینیان تۆمەتبار کردووە بەوەی لە ژێر ناوی رێکلامی کار لە ئینتەرنێت، هەوڵی دزینی زانیاریی هەستیاری رۆژئاوا دەدات.
ئەم پەرەسەندنە نوێیە نیشانەی ئەوەیە کە ململانێی نێوان زلهێزەکان گەیشتووەتە ناو قووڵایی دەریاکان و تەنانەت گیانەوەرە سروشتییەکانیش لەو جەنگە ساردە بێبەری نەکراون.



