رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی کەنەدا پڕۆژەیاسایەکی نوێی بەناوی "سۆشیاڵ میدیای ئارام" پێشکێش کرد کە تێیدا رێگری لە منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ دەکات هەژماریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت، هاوکات رێسای تووند بۆ کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد دادەنێت تاوەکو ناوەڕۆکە تووندوتیژەکان بڵاونەکەنەوە.
ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسند بکرێت، کەنەدا دەچێتە پاڵ وڵاتانی وەک ئوسترالیا، ئیندۆنیزیا و مالیزیا کە پێشتر رێکاری هاوشێوەیان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا لەسەر منداڵان گرتووەتە بەر.
ئەم هەوڵە وەک بەشێک لە "شەپۆلێکی جیهانی" بۆ پاراستنی نەوەی نوێ لە مەترسییەکانی جیهانی دیجیتاڵی لێکدەدرێتەوە.
بەپێی بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا ناچار دەکرێن گۆڕانکاری لە سۆفتوێرەکانیاندا بکەن و بەرپرسیار دەبن لە پاراستنی بەکارهێنەران، بەمشێوەیە:
- دەبێت خزمەتگوزارییەکان بەجۆرێک دیزاین بکرێن کە بۆ تەمەنی خوار 16 ساڵ بگونجێن.
- پێویستە بە خێرایی هەر وێنەیەکی ساختەی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد (Deepfake) لابدەن.
- سڕکردنی ئەو نێوەڕۆکانەی سووکایەتی بە قوربانییانی دەستدرێژیی سێکسی دەکەن.
- دانانی نیشانەی روون لەسەر هەر نێوەڕۆکێک کە بە ژیریی دەستکرد دروستکرابێت.
- دابینکردنی ئامرازی ئاسان بۆ بلۆککردن و ریپۆرتکردنی ئەو بەرهەمانەی تووندوتیژی بڵاودەکەنەوە.
رێسای نوێ بۆ چاتبۆتەکان
ئەمە یەکەم جارە کەنەدا هەوڵی یاساییکردنی کارەکانی چاتبۆتە زیرەکەکان دەدات. مارک میڵەر، وەزیری ناسنامە و کولتووری کەنەدا رایگەیاند: "زیانەکانی سۆشیاڵ میدیا ساڵانێکی زۆرە لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت، بەڵام لێکەوتەکانی چاتبۆتەکان هێشتا بە باشی درکیان پێ نەکراوە."
وەزیری ناسنامە و کولتوور ئاماژەی بەوەش کرد، لەم قۆناخەدا تەمەنی بەکارهێنەرانی ژیریی دەستکرد سنووردار ناکەن، بەڵکو گوشار دەخەنە سەر کۆمپانیاکان تاوەکو رێگری لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی مەترسیدار بکەن.
ChatGPT لە قەفەسی تۆمەتدا
پەلەکردن لە تووندکردنی یاساکانی ژیریی دەستکرد، بۆ رووداوێکی خوێناویی مانگی شوباتی رابردوو دەگەڕێتەوە لە قوتابخانەیەکی شارۆچکەی "تەمبلەر رێج". دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە بکوژەکە پێش تاوانەکە، چەندین مانگ لە رێگەی (ChatGPT)ـەوە باسی سیناریۆی تووندوتیژ و چۆنیەتی بەکارهێنانی چەکی کردووە.
هەرچەندە سیستمە ئەمنییەکانی کۆمپانیای (OpenAI) ئاماژەی سووریان لەسەر ئەو گفتوگۆیانە دانابوو، بەڵام کۆمپانیاکە پۆلیسی ئاگادار نەکردبووەوە و تەنیا هەژماری بکوژەکەی سڕ کردبوو، بەو پاساوەی کە "هەڕەشەیەکی دەستبەجێیان" بەدی نەکردووە.
ئەم کارەی کۆمپانیاکە ناڕەزایەتییەکی زۆری لە کەنەدا لێکەوتەوە و خێزانی قوربانییەکانیش سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە؛ ئەوان دەڵێن: "ئەگەر کۆمپانیاکە پۆلیسی ئاگادار بکردایەتەوە، دەکرا رێگری لەو کارەساتە بکرێت." هەر ئەمەش وایکرد حکومەتی کەنەدا ئەرکی یاسایی قورس بخاتە سەر شانی کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد تاوەکو لە کاتی بوونی هەر هەڕەشەیەک، لایەنە ئەمنییەکان ئاگادار بکەنەوە.




