رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارکە نیشتمانییەکانی ئەمریکا لێکۆڵینەوەیەکی دەستپێکرد سەبارەت بە دەرکەوتنی ژمارەی "8647" بە قەبارەیەکی گەورە لەسەر چیمەنی "مۆڵی نیشتمانی" لە واشنتن؛ ئەم ژمارەیە وەک هێمایەک بۆ دژایەتیکردنی دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەبینرێت.
گوتەبێژێکی وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، کە سەرپەرشتی مۆڵی نیشتمانی لە ناوەڕاستی واشنتن دی سی دەکات، ئەم رووداوەی بە "کارێکی تێکدەرانەی شێتانە" وەسف کرد و گوتی، بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لێ ناکرێت. لە راگەیێندراوێکدا هاتووە: "هەر جۆرە هەڕەشەیەک دژی سەرۆک لای وەزارەتی ئێمە بە زۆر جدی وەردەگیرێت و پۆلیسی پارکەکانمان لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکەن تاوەکو بەرپرسیاران رووبەڕووی یاسا بکەنەوە."
بەپێی لێکدانەوەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، ژمارەی "8647" هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی سەرۆکی وڵاتەکەیان؛ چونکە لە زمانی ئاماژەدا "86" بە واتای کوشتن یان لەناوبردن دێت و "47"یش ئاماژەیە بۆ ترهمپ وەک 47ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکان.
ئەم بابەتە پێشتریش مشتومڕی زۆری لێکەوتوەتەوە؛ جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی ئێف بی ئای و نەیاری سیاسیی ترهمپ، لە مانگی نیساندا تۆمەتبار کرا بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە ئینستاگرام کە تێیدا لە رێگەی سەدەفەوە ژمارەی "8647" نووسرابوو. کۆمی ئەو کات داوای لێبووردنی کرد و گوتی، مەبەستی هەڕەشەکردن نەبووە و نەیزانیووە هەندێک کەس ئەو ژمارەیە بە تووندوتیژییەوە دەبەستنەوە.
پۆلیسی پارکەکان رایگەیاندووە، نموونەیان لەو چیمەنەی مۆڵی نیشتمانی وەرگرتووە تاوەکو لە تاقیگە پشکنینی بۆ بکەن و بزانن چ جۆرە ماددەیەک بەکارهێنراوە بۆ تێکدانی رەنگی چیمەنەکە و نووسینی ئەو ژمارەیە و ئاماژەیان بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن.
.jpg&w=3840&q=75)



