رووداو دیجیتاڵ
تەنیا چەند رۆژێک پێش ئێستا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران زۆر نزیکە. بەڵام دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا هەردوولا چەندین هێرشیان کردە سەر یەکدی، راپۆرتێکی شیکاریی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، رەنگە قۆناخێکی نوێ و کوشندە لەم جەنگەدا دەستپێبکات و ئومێدێکی کەم هەیە بۆ ئەوەی ترەمپ یان تاران پاشەکشە بکەن.
ئایا ئاگربەستەکە ماوە؟
راپۆرتکە دەڵێت، ئەگەر ترەمپ یان سەرکردەکانی ئێران بڕیار بدەن بگەڕێنەوە بۆ ئاگربەستەکەی مانگی نیسان، دەتوانرێت شەڕەکە کۆنترۆڵ بکرێت. ئەم ئاگربەستە بۆ ئەوە بوو رێگە بۆ دانوستاندن خۆش بکات تاوەکو تەنگەی هورمز بکرێتەوە و شەڕ بەتەواوی کۆتایی بێت.
بەڵام ئێستا ئەمە زۆر زەحمەت بووە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا، وایکردووە ئاگربەستەکە واتای نەمێنێت. ساشا بروخمان، ئەفسەری پێشووی سوپای ئەڵمانیا دەڵێت: "ئیدی بەمە دەڵێن چی؟... هیچ کەسێک نابینم ئامادەبێت پاشەکشە بکات، بۆیە پەرەسەندنی شەڕەکە ئەگەری بەهێزترە."
بۆچی ترەمپ هێرشی کرد؟
ئەمریکا بۆ ماوەی دوو رۆژ لەسەریەک هێرشی قورسی کردە سەر ئێران. ئەمە وەک وەڵامێک بوو بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی جۆری ئاپاچی ئەمریکی لە نزیک تەنگەی هورمز لە رۆژی دووشەممە.
بەڵام نیویۆرک تایمز لە زاری شارەزایانی دۆخەکەوە دەڵێت، مەبەستی ترەمپ لەم هێرشە قورسانە ئەوەیە کە بەزۆر ئێران ناچار بکات تەنگەی هورمز بکاتەوە، کە پێش شەڕەکە 20٪ـی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی و ئێستا داخراوە.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکاش ئەمەی پشتڕاست کردەوە کاتێک گوتی: "ئەگەر پێویست بکات بە بۆمب دانوستاندن بکەین، ئەوا بە بۆمب دانوستاندن دەکەین."
ئێران چۆن وەڵام دەداتەوە؟
ریکاردۆ ئەلکارۆ، شارەزای کاروباری ئێران لە رۆما دەڵێت، تاوەکو ئێران لەژێر هێرشدا بێت، ئەستەمە هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رابگرێت.
ئەو دەڵێت: "ئەگەر ئێرانییەکان هەست بکەن ئەم هێزە سەربازییە بۆ ئەوەیە ناچاریان بکات بە مەرجەکانی ئەمریکا رازی بن، ئەوا لەبری ئەوەی خۆیان بەدەستەوە بدەن، ئەگەری زۆرترە هێرشەکانیان تووندتر بکەنەوە."
هەروەها هۆشداری دەدات ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، ئەوا لە بەرامبەردا ئێران دەست دەکات بە لێدانی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و هەروەها لێدانی ژێرخانی وزە لە وڵاتانی دراوسێی وەک کوێت، بەحرەین و ئوردن کە میوانداریی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن. وەک چۆن لە سەرەتای شەڕەکەوە ئێرانییەکان دامەزراوەکانی وزەیان لە بەحرەین، کوێت، قەتەر، سعودیە و ئیمارات کردووەتە ئامانج.
کێ دەیباتەوە؟
ئەو پسپۆڕانەی قسەیان بۆ رۆژنامەکە کردووە، گومانیان هەیە ئێران خۆی بەدەستەوە بدات. بروخمان دەڵێت: "دیارە کە وڵاتەکە و خەڵکەکەشی ئازار دەچێژن، بەڵام ئێران خۆی بەهێز نیشان دەدات."
پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر ئەم هێرشانە ئێرانیان ناچار نەکرد، ئایا ترەمپ تا کەی بەردەوام دەبێت لە بۆردوومانکردن؟
ئەلکارۆ دەڵێت: "ساڵی رابردوو، ئەمریکا بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام حووسییەکانی یەمەنی بۆردوومان کرد، بەڵام نەیتوانی ئاسمانی دەریای سوور کۆنترۆڵ بکات. لە کۆتاییدا ترەمپ دوای خەرجکردنی لانیکەم یەک ملیار دۆلار لە چەک و تەقەمەنی، بەبێ هیچ سەرکەوتنێکی روون، لەناکاو کۆتایی بە هێرشەکان هێنا."



