رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سزای بەسەر چوار دامەزراوە و کەسایەتیدا لە ئێران و بیلاڕووس سەپاندووە کە تێوەگلاون لە کڕین و دابینکردنی چەک بۆ ئێران؛ هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاش نۆ کەس و کۆمپانیای دیکەی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی خستە لیستی سزاکانەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی یاداشتی ئاسایشی نیشتمانیی دۆناڵد ترەمپ،. سەرۆکی ئەمریکایە بۆ پەکخستنی هەوڵەکانی ئێران بۆ بەهێزکردنەوەی توانای سەربازیی خۆی. واشنتن ئاماژە بەوە دەکات، پابەندە بەوەی رێگری لە تاران بکات لە ئەنجامدانی هەر چالاکییەک کە پەیوەندی بە پەرەپێدانی چەکە هەستیارەکانەوە هەبێت.
بەپێی راگەیێندراوەکە، کۆمپانیای ئەرمۆری ئەلایەنس کە بنکەکەی لە بیلاڕووسە، وەک نێوەندگیر لە نێوان کۆمپانیا چینییەکان و ئێران کاری کردووە. ئەم کۆمپانیایە کارئاسانی بۆ کڕینی سەدان سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی گوازراوە کردووە و بە شێوەیەکی نهێنی و لەرێگەی وڵاتی سێیەمەوە رەوانەی ئێرانی کردوون. محەممەدمەهدی مەلەکی، هاووڵاتییەکی ئێرانی دانیشتووی بیلاڕووس، وەک فەرمانبەری ئەم کۆمپانیایە سزا دراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "سەنتەری هاوکاریی داهێنان و تەکنەلۆژیا" لە ئێران، تێوەگلاوە لە کڕینی وێنەی مانگە دەستکردەکان بۆ پشتیوانیکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئێران.
بەپێی زانیارییەکانی واشنتن، ئەم سەنتەرە لەگەڵ وەزارەتی هەواڵگریی ئێران )ئیتڵاعات) هەماهەنگی کردووە بۆ دیاریکردنی شوێنی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە؛ دواتر لە کۆتایی مانگی ئاداری 2026دا، ئەو بنکەیە لە لایەن ئێرانەوە هێرشیکرایە سەر و بووە هۆی برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەجاد ئەحەزادە، سەرۆکی سەنتەری هاوکاری داهێنان و تەکنەلۆژیا، بەوە تۆمەتبار کراوە کە پەیوەندی بە کۆمپانیا چینییەکانی وەک یوشیتا کردووە بۆ کڕینی مووشەکی دژە فڕۆکەی دەستی و کەرەستەی سەربازیی دیکە بۆ سوپای ئێران.
ئەم هەنگاوانەی واشنتن نیشانەی تووندبوونەوەی زیاتری گوشارە ئابووری و دیپلۆماسییەکانە بۆ سەر تاران، لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵدەدات هەموو ئەو رێگەیانە دابخات کە ئێران بۆ نۆژەنکردنەوەی پیشەسازییە سەربازییەکەی بەکاریان دەهێنێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە تەنیا لە شوباتی 2025ەوە، نزیکەی هەزار کەس و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە ئێرانیان خستووەتە لیستی سزاکانەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


