رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی تاوەکو ساڵی 2040 بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی فڕۆکەیەکی جەنگیی نەوەی نوێ، ئەمەش دوای ئەوەی ئەڵمانیا لە پڕۆژە هاوبەشەکەی نێوانیان بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی (FCAS) کشایەوە.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، کاترین ڤۆترین، وەزیری بەرگریی فەرەنسا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "هەشت ساڵ پابەندبوون و 2.5 ملیار یۆرۆ وەبەرهێنان لەم پڕۆژەیەدا، رێگەمان پێدەدات کە تاوەکو ساڵی 2040 بە تەنیا کار لەسەر پەرەپێدانی فڕۆکە جەنگییەکە بکەین."
هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەتییە سەربازییەکە
پڕۆژەی (FCAS) لە ساڵی 2017ـەوە بە هاوبەشی لەنێوان فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا دەستیپێکرد، ئامانج لێی دروستکردنی فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتوو بوو بۆ شوێنگرتنەوەی فڕۆکەکانی (رافال)ـی فەرەنسی و (یۆرۆفایتەر)ـی ئەڵمانی و ئیسپانی.
بەڵام رۆژی دووشەممە، پاریس و بەرلین رایانگەیاند، بەهۆی "ناکۆکیی نێوان کۆمپانیاکانەوە" پڕۆژە هاوبەشەکە رادەگرن. ئەمەش وەک گورزێک بۆ هەوڵەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەبواری هاوئاهەنگیی بەرگری ناوبراوە.
پاریس: دەتوانین بە تەنیا فڕۆکەکە دروست بکەین
وەزیری بەرگریی فەرەنسا رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بۆ "سەروەریی نیشتمانیی فەرەنسا" گرنگە و دەستخۆشی لە کۆمپانیاکانی (Dassault, Safran, Thales) کرد و گوتی: "ئەمە تاکە تیمە لە ئەورووپا کە توانای هەبێت بە شێوەیەکی سەربەخۆ فڕۆکەیەکی جەنگیی تەواو بەرهەمبهێنێت."
لە بەرامبەردا، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە بەرلین، کۆمەڵێک کۆمپانیا بە سەرۆکایەتیی کۆمپانیای (ئایربەس) پلانێکی نوێ بۆ دروستکردنی فڕۆکەیەکی جەنگیی دیکە پێشکەش بکەن، وەک جێگرەوەیەک بۆ پڕۆژە هاوبەشەکەی پێشوویان لەگەڵ فەرەنسا.
بڕیاری کشانەوەی ئەڵمانیا دوای ئەوە هات کە حکومەتی ئەو وڵاتە گەیشتە ئەو بڕوایەی "چیدیکە ناتوانرێت گوشار بخرێتە سەر کۆمپانیاکان" بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر وردەکارییە تەکنیکی و داراییەکان.
![فڕۆکەی (FCAS). وێنە: [Nicolas Economou/NurPhoto via Getty Images]](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimages.rudaw.net%2Fimages%2Fasset%2Fnews%2F20260610212332_GettyImages-2253482098-1182x788.jpg&w=3840&q=75)


