رووداو دیجیتاڵ
شی جینپینگ، سەرۆکی چین رۆژی سێشەممە کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ کۆریای باکوور هێنا، ئەوەش دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون. شی رایگەیاند، گەیشتوونەتە "کۆدەنگییەکی گرنگ" لەسەر بنیاتنانی پەیوەندییەکانیان.
چی روویدا؟
رۆژی دووشەممە، شی جینپینگ گەیشتە پیۆنگیانگی پایتەختی کۆریای باکوور، کە ئەمە یەکەمین سەردانی فەرمییەتی بۆ ئەو وڵاتە گۆشەگیرکراوە لە ساڵی 2019ـەوە.
ئەو لەگەڵ هاوژینەکەی و چەندین بەرپرسی باڵادا بۆ سەردانێکی دوو رۆژە چووە ئەوێ و رایگەیاند، ئامانجییەتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو هاوپەیمانە دێرینە بگەیێنێتە "ئاستێکی نوێ".
کاتی سەردانەکەش زۆر جێگەی سەرنجە، چونکە دوای ئەوە دێت کە (شی) لە پەکین میوانداریی چەندین سەرکردەی جیهانی کرد، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا.
لە وێنەکانی میدیای فەرمیدا، شی و کیم بە زەردەخەنەوە دەردەکەون لە کاتێکدا تەوقە لەگەڵ یەکدی دەکەن. سەرۆکی چین بە رێوڕەسمێکی گەورە و فەرشی سوور و سڵاوی سەربازی و چەپڵەڕێزانی جەماوەر پێشوازیی لێکرا.
ئەنجامەکان چی بوون؟
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی چین (شینخوا) بڵاویکردەوە کە شی گوتوویەتی: "گەیشتینە کۆدەنگییەکی گرنگ لەگەڵ کیم لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی چین و کۆریای باکوور لە سەردەمە نوێیەکەدا."
لە بەرامبەردا، ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا (KCNA) رایگەیاند کە هەردوو سەرکردە رێککەوتوون لەسەر ئەوەی پەیوەندییە دۆستانەکانیان "لەنیو بنەمایەکی پتەوتردا" دابنێن.
بەپێی میدیای چین، شی بە کیمی گوتووە، دەبێت هەردوو وڵات "پەیوەندییەکان لە بواری دیپلۆماسی، جێبەجێکردنی یاسا و سەربازی بەهێزتر بکەن" و هاوکارییە ئابوورییەکانیش فراوانتر بکەن. بۆ ئەمەش ئاماژەی بە کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان و رێگەکانی گواستنەوە کردووە کە لەم دواییانەدا کراونەتەوە. لە مانگی ئاداردا، دوای شەش ساڵ راگیران بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، گەشتە ئاسمانییەکان و شەمەندەفەری نەفەرهەڵگر لەنێوان پەکین و پیۆنگیانگ دەستیان پێکردەوە.
مێژوویەکی زۆرە پەکین گەورەترین هاوبەشی ئابووریی پیۆنگیانگە و بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەمریکا و کۆریای باشوور، لەم ساڵانەی دواییدا چین نزیکەی تەواوی بازرگانیی دەرەکیی کۆریای باکووری پێکهێناوە.
ئەی چەکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور؟
لە راگەیێندراوە فەرمییەکان و راپۆرتی میدیاکاندا هیچ ئاماژەیەک بەوە نەکراوە کە ئایا شی و کیم باسیان لە بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور کردبێت، کە بەهۆیەوە ئەو وڵاتە کەوتووەتە ژێر سزای قورسی نێودەوڵەتی.
ئەمە زۆر گرنگە، چونکە مانگی رابردوو کۆشکی سپی رایگەیاندبوو کە لە لووتکەکەی پەکیندا، سەرۆکی چین و ترەمپ "جەختیان لە ئامانجی هاوبەشیان کردووەتەوە بۆ نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی لە کۆریای باکوور."
لە بەرامبەردا کیم چەندین جار بەلێنی داوە کە هەرگیز دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکانی نابێت و خوشکە دەسەڵاتدارەکەشی پێش سەردانەکەی شی رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمییەکەیان "هێڵی سوورە و هەرگیز لێی پاشگەز نابنەوە".
لی هۆ ریونگ، لە پەیمانگەی کۆریا بۆ شیکارییەکانی بەرگری بە AFPـی گوتووە، نەبوونی بابەتی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی لە راگەیێندراوە فەرمییەکاندا بەو واتایە دێت کە ئەو لووتکەیە "زیاتر وەک سەکۆیەک بوو کە تێیدا چین مافی کۆریای باکووری بۆ هەبوونی چەکی ئەتۆمی پەسەند کرد."
ئەو پێیوایە، لە بەرامبەریشدا وا دیارە کیم "پاڵپشتیی لە پرەنسیپی 'یەک چین'ی پەکین کردبێت سەبارەت بە تایوان." وەکو ئەوەی ئاژانسی (KCNA)یش بڵاویکردووەتەوە: "پارت و حکومەتەکەمان بەتەواوی پاڵپشتی لە سیاسەت و هەڵوێستی پارت و حکومەتی چین دەکەن بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە سەرەکییەکان لەسەر بنەمای پرەنسیپی 'یەک چین'."
کیم چۆن لە گفتوگۆکاندا دەرکەوت؟
ئەم لووتکەیە لە کاتێکدایە کیم پێگەیەکی جیهانیی بەهێزتر لە جارانی هەیە، ئەوەش دوای ئەوەی بە سەرباز و تەقەمەنی پاڵپشتیی رووسیای کرد لە شەڕی ئۆکراینا.
سیۆنگ هیۆن لی، لە زانکۆی هارڤارد دەڵێت، کیم "ئێستا تەنیا وەرگری یارمەتی نییە، بەڵکو دابینکەری کەرەستەی سەربازیی گرنگە" و توانیویەتی "بە سەرکەوتوویی ئەو مەترسییەی هەیبوو بیگۆڕێت بۆ پێگەیەکی ستراتیژی."
هۆنگ مین، شرۆڤەکار لە پەیمانگەی کۆریا بۆ یەکگرتنەوەی نیشتمانی دەڵێت، کۆبوونەوەکە رەنگدانەوەی یەکگرتنی دوو ئامانج بوو: "خواستی کۆریای باکوور بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی وەک کارەکتەرێکی ستراتیژی لەرێگەی چەکە ئەتۆمییەکانییەوە" لەگەڵ "فراوانبوونی ئارەزووەکانی چین بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیا."
بەگوتەی مینسۆن کو، پرۆفیسۆری دیپلۆماسی، جگە لە شی و پووتین، کۆبوونەوەکانی کیم لەگەڵ سەرکردەکانی بێلارووس، لاوس و ڤێتنام لە ساڵی رابردووەوە دەریدەخەن کە کۆریای باکوور چیدیکە وڵاتێکی پەراوێزخراوی دیپلۆماسی نییە.
جێی باسە، چین و کۆریای باکوور هاوپەیمانییەکی سەربازییان هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی ساڵی 1961، کە هەردوولا پابەند دەکات لە کاتی هێرشی چەکداریدا یارمەتیی یەکدی بدەن. کۆریای باکوور تاکە وڵاتە کە چین رێککەوتنی سەربازیی لەو شێوەیەی لەگەڵدا هەبێت، هەرچەندە پیۆنگیانگ لە ساڵی 2024 پەیماننامەیەکی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵ رووسیاش واژۆ کرد.
هۆنگ پێیوایە، ئامانجی پەکین ئەوەیە "هاندەری ئابووری پێشکێش بە کۆریای باکوور بکات، لەهەمان کاتیشدا چاودێریی بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت کە لە رووی دیپلۆماسی و سەربازییەوە هیچ هەنگاوێک دژی بەرژەوەندییەکانی پەکین نانێت."



