رووداو دیجیتاڵ
باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر، پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی دڵتەزێنی هاوکارمان هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، کە دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی نێوان بەغدا و بەسرە گیانی لەدەستدا.
باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ رووداو نووسیویەتی: "دۆستانی بەڕێزی رووداو، دەمویست هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆم بۆ لەدەستدانی دڵتەزێنی هاوکارەکەتان، هەڵکەوت عەزیز بکەم کە ئەم بەیانییە هەواڵی گیان لەدەستدانیم خوێندەوە. رۆحی شاد بێت و هیوادارم بنەماڵەکەشی بە پشتیوانیی گەرمی هاوڕێ و هاوکارە زۆرەکانیدا ئارامی بدۆزنەوە.
هاوکات، رۆژی دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر پرسەنامەیەکی ئاراستەی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند: "کاک ئاکۆی بەڕێز، بە بۆنەی گیان لەدەستدانی دڵتەزێن و خەمناکی کارمەندتان هەڵکەوت عەزیز، سەرەخۆشی لە ئێوە و هەموو هاوکارانتان دەکەم. بە راستی زۆر خەمبار بووین بەم هەواڵە. خودا رۆحی بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە هەمووان ببەخشێت."
تۆڕی میدیایی رووداو بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز راگەیاند کە پەیامنێرێکی لێهاتوو، ماندوونەناس و ئەندامێکی دڵسۆز و راستگۆی خێزانی رووداو بوو. کۆچی لەناکاوی ئەو شۆکێکی گەورە بوو بۆ هەموو لایەک، چونکە ئەو بە میهرەبانی و رووخۆشییەکەی خۆشەویستیی هاوکاران و خەڵکی کوردستانی بەدەستهێنابوو.
هەڵکەوت عەزیز؛ 16 ساڵ خزمەت و لێهاتوویی لە کایەی میدیادا
هەڵکەوت عەزیز، خەڵکی شاری کەرکووک بوو، لە ساڵی 1989دا لە کاتی ئاوارەییدا لە شاری هەولێر لەدایکبووبوو. ئەو بڕوانامەی دیبلۆمی لە بواری دەرهێنان لە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کەرکووک بەدەستهێنابوو.
هەڵکەوت نزیکەی 16 ساڵ بوو لە بواری میدیادا کاری دەکرد و زیاتر لە 12 ساڵیش بوو وەک رۆژنامەڤانێکی چالاک خزمەتی دەکرد. بەر لەوەی پەیوەندی بە رووداوەوە بکات، لە کەرکووک بۆ چەند کەناڵێکی ناوخۆیی و ئاسمانی کاری کردبوو.
کارکردن لە رووداو و رووماڵە مێژووییەکان
هەڵکەوت عەزیز لە 20ی کانوونی یەکەمى 2015ـەوە دەستی بە کارکردن لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد. بەهۆی لێهاتوویی و دڵسۆزییە بێپایانەکەیەوە، رۆژی 26ی ئابی 2024 بووە بەڕێوەبەری نووسینگەی بەغدای تۆڕی میدیایی رووداو. ئەو هەمیشە بە متمانە، راستگۆیی و پیشەییبوونێکی بەرزەوە رووماڵی رووداوەکانی دەکرد.
لە ماوەی کارکردنیدا لە رووداو، هەڵکەوت چەندین بەرهەمی ناوازە و راپۆرتی لەیادنەکراوی پێشکەش بە بینەران کرد.
رووماڵە بەرفراوانەکەی بۆ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی بەسرە لە حوزەیرانی 2018ـدا، لەگەڵ راپۆرتە ڤیدیۆییە هەستهەژێنەکانی لەبارەی دۆزینەوەی 76 رووفاتی ئەنفالکراوانی کورد لە بیابانەکانی سەماوە لە تەممووزی 2019دا، تەنیا نموونەیەکن لە لێهاتوویی و چاونەترسیی ئەو لە گواستنەوەی راستییەکاندا.
هەڵکەوت عەزیز بە زمانێکی مرۆیی بەهێز، چیرۆکی خەمگینی ئەو منداڵە ئەنفالکراوانەی گێڕایەوە کە لەکاتی گولـلەبارانکردندا خۆیان بە تووندی بە باوەشی دایکیاندا نووساندبوو، کە هەرگیز لە یادی خەڵکدا ناسڕێتەوە.



