رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هەریەک لە ئیسرائیل و ئێران بەدوای ئاگربەستێکی دەستبەجێدا دەگەڕێن و دانوستاندنی ئاشتی بەردەوام دەبێت، بەڵام جەخت لەوەش دەکاتەوە کە تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، گەمارۆکانی سەر ئێران لانابرێن.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "هەردوو لایەن، ئیسرائیل و ئێران، بەدوای ئاگربەستێکی دەستبەجێدا دەگەڕێن! دانوستاندنەکانی کۆتایی سەبارەت بە 'ئاشتی' بەڕێوەدەچن، مەگەر ئەوەی دەبەنگی یان گەمژەیی رێگرییان لێ بکات."
ترەمپ مەرجی مانەوەی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران دووپاتکردەوە و نووسیویەتی: "گەمارۆکە وەک خۆی و بەوپەڕی هێز و کاریگەرییەوە دەمێنێتەوە، تاوەکو دەگەینە 'رێککەوتنی کۆتایی'."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی بۆ خێرابوونی پرۆسەی ئاشتی نیشان داوە و دەڵێت: "پێویستە کارەکان بە خێرایی بڕۆنە پێشەوە."
هەر ئەمڕۆ، ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا هۆشداری دابوو کە "دەبێت ئیسرائیل و ئێران دەستبەجێ هێرشەکان بوەستێنن."
ئەوەش دوای ئەوەی کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بۆ یەکەمین جار دوای ئاگربەستەکەی 8ی نیسان، ئێران و ئیسرائیل هێرشیان کردەوە سەر یەکدی، کە ئەوەش مەترسیی لەسەر ئەو دانوستاندنانە دروست کردووە کە ترەمپ هیوای پێ هەڵچنیوە بۆ ئەوەی لەگەڵ تاران بگاتە رێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەن و ببێتە هۆی کردنەوەی تەنگەی هورمز و ئاساییبوونەوەی دۆخیی ئابووریی جیهان.
وەک ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردووەتەوە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوتبوو، کە دەستبەجێ پەیوەندی بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە دەکات بۆ ئەوەی رازی بکات وەڵامی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران نەداتەوە. ترەمپ رایگەیاندبوو: "هەریەکەیان کاتی خۆی بەسەربرد. ئیسرائیل هێرشی خۆی کرد و ئێرانیش هێرشی خۆی. پێویستیمان بە هیچی دیکە نییە."
دواتر بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە چەند دەزگایەکی راگەیاندنی وەک زە گاردیان و NPRـی راگەیاند، ترەمپ قسەی لەگەڵ نەتەنیاهوو کردووە و پێیوابووە کە توانیویەتی قایلی بکات بۆ ئەوەی لانی کەم بۆ ماوەیەکی کاتی هێرش نەکات.
ئیسرائیل گوێ بە ئەمریکا نادات
سەرەڕای هەوڵ و هۆشدارییەکانی ترەمپ، ئیسرائیل هەر هێرشی کردە سەر ئێران. کەناڵی CNN و رادیۆی NPR بڵاویانکردەوە، ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل دەریدەخات کە کاریگەرییەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتە سنووردارن.
هاوکات رۆژنامەی گاردیان جەختی لەوە کردەوە کە ئیسرائیل "سەرەڕای پاڕانەوەکەی ترەمپ" هێرشەکەی هەر کردووە.
پەیامی ترەمپ بۆ ئێران چییە؟
ترەمپ لە فۆکس نیووزەوە پەیامێکی روونی ئاراستەی ئێران کرد و گوتی: "ئێوە مووشەکەکانی خۆتان تەقاند. ئەوە بەسە. بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن و رێککەوتن بکەن."
هەروەها ئاژانسی رۆیتەرز و گۆڤاری فۆربس بڵاویانکردەوە کە ترەمپ زۆر گرنگیی بە هێرشەکەی ئێران نەداوە و گوتوویەتی "هیچ زیانێکی نەبووە"، هاوکات پێداگریشی کردووە کە لە هەر رێککەوتنێکدا لەگەڵ تاران، ئەو خۆی بڕیاردەر دەبێت و نەتەنیاهوو "هیچ چارەیەکی نابێت" جگە لەوەی بە مەرجەکانی ئەمریکا رازی بێت.
دانوستاندن لە مەترسیدایە
ئەم گرژییە نوێیانە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران کە تایبەتن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، کەمکردنەوەی سزاکان و کردنەوەی تەنگەی هورمز. هەرچەندە ترەمپ بڕوای وایە دەتوانن بگەنە رێککەوتن، بەڵام شەڕی لوبنان و ئێستاش پێکدادانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەکرێت هەموو هەوڵەکان لەبارببەن.
نووسینگەی نەتەنیاهوو تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر قسەکانی ترەمپ نەداوە. لە کاتێکدا ترەمپ بەڕوونی بە هەردوولای گوتووە "ئەوەندە بەسە"، هێشتا دیار نییە کە ئایا ئیسرائیل و ئێران گوێڕایەڵی ئەم داواکارییە دەبن یان نا.
وردەکارییە مەیدانییەکان
شەوی رابردوو ئێران بە گورزە مووشەکێک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بنکە سەربازییەکانی نێو ئێرانی کردە ئامانج.
هێرشەکانی تاران دوای ئەوە هاتن کە ئیسرائیل چەندین ئامانجی حیزبوڵڵای لوبنانی لە گەڕەکی زاحییەی باشووری بەیرووت بۆردوومان کرد. پێشتر ئێرانیش چەندین جار هۆشداریی دابوو کە ئەگەر پایتەختی لوبنان بکرێتە ئامانج، ئەوا لە ئیسرائیل دەدات.
هەڵگیرسانەوەی ئەم شەڕە، وایکرد نرخی نەوت بەخێرایی بەرزببێتەوە. ئێستا هیواکان بۆ کۆتاییهاتنی خێرای ئەم ململانێیە لەبارچوون؛ ئەو ململانێیەی کە بووەتە هۆی بەرتەسککردنەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی ستراتیژیی هورمز و ترسی کەمبوونی وزە و کاڵای لە جیهاندا دروستکردووە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران هۆشداریدا و گوتی: "زۆر ئاساییە کە ئەو پرۆسە دیپلۆماسییەی بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە سەپێندراوە دەستیپێکردووە، بەهۆی ئەم رووداوانەوە زیانی بەرکەوێت."
بەڵام لەهەمان کاتدا ئاماژەی بەوەش کرد کە: "راوێژە دیپلۆماسییەکان لە هەموو بارودۆخێکدا بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوام دەبن."
هەر لەو کاتەدا کە بەقایی لەنێو باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە قسەی دەکرد، گرمەیەکی گەورە باڵەخانەکەی هەژاند و بەدوایدا چەندین تەقینەوەی دیکە بیستران کە پێدەچوو دەنگی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بن. میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانیش بڵاویانکردەوە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانی "درۆنێکی دوژمن"یان لە ئاسمانی تاران خستووەتە خوارەوە.
ئیسرائیل و ئێران چ زیانێکیان بەرکەوتووە؟
تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نە لە ئیسرائیل و نە لە ئێران رانەگەیێندراوە. سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر سیستمەکانی بەرگریی ئێران لە چەندین ناوچەی ئەو وڵاتە و تێکیانشکاندوون.
لە قودس و شاری رامەڵڵا لە کەرتی رۆژئاوا، زنجیرەیەک تەقینەوە بیستران و سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، سەرقاڵی تێکشکاندنی شەپۆلێکی نوێی مووشەکەکانی ئێرانن.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشکردنە سەر وێستگەیەکی پترۆکیمیایی لە شاری ماهشەری باشووری رۆژئاوای ئێران، هێرشیان کردووەتە سەر بنکە ئاسمانییەکانی نێڤاتیم و تەل نۆفـی ئیسرائیل و وێستگەیەکی پترۆکیمیاییشیان لە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج. سوپای پاسداران هۆشداریشی دا کە ئیسرائیل "دەستی بە یارییەکی مەترسیدار کردووە، کە ئەنجامەکەی هەموو ئامانجەکانی پەیوەست بە وزە لە ناوچەکەدا دەگرێتەوە."
بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمریکای بە هۆکاری هەڵگیرسانەوەی شەڕەکە تۆمەتبار کرد و گوتی، "هیچ کەسێک باوەڕ ناکات" ئیسرائیل بێ "هاوئاهەنگی و هاوکاریی پێشوەختە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" کارێکی لەو شێوەیە بکات.
لە کاتێکدا شەڕەکە دەستیپێکردووەتەوە، رۆژی دووشەممە حووسییەکانی یەمەن بۆ یەکەمین جار لە سەرەتای نیسانەوە، هێرشێکی مووشەکییان بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند و بڕیاریشیاندا کە هەموو جۆرە کەشتییەکی ئیسرائیل لە دەریای سوور قەدەخە بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە، ئاماژەیەک هەبوو بۆ بەردەوامیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، کاتێک موحسین نەقەڤی، وەزیری ناوخۆی پاکستان سەردانی تارانی کرد بۆ گەیاندنی ئەوەی کە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بە "نامەیەکی تایبەت" بۆ موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران ناویبرد.
داواکاری بۆ هێورکردنەوە و دانوستاندن
کایا کالاس، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا داوای لە هەردوولا کرد "بێنە سەر مێزی دانوستاندن و رێکبکەون"، و گوتیشی "ناوچەکە پێویستی بە پەرەسەندنی گرژییەکان نییە." چینیش هەمان داواکاریی هەبوو و لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتی: "دەستپێکردنەوەی دوژمنکاری لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە."
لە کاتێکدا ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، دەبێت راگرتنی شەڕی ئیسرائیلیش لە لوبنان لەخۆبگرێت، هێشتا روون نییە کێ لە تاران بڕیار دەدات؛ چونکە موجتەبا خامنەیی کە دەگوترێت لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بریندار بووە، لەوەتەی جێگەی عەلی خامنەیی باوکی گرتووەتەوە (کە لە یەکەم رۆژی شەڕەکەدا لە 28ـی شوبات کوژرا)، هێشتا بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە.
ئەم دۆخە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر هاووڵاتییانی ئێران. ئیلاهە، کە راهێنەرێکی لەشجوانیی تەمەن 32 ساڵانە لە شاری ئەحواز، بە AFPـی گوتووە: "بەڕاستی سڕ بوومە. ژیانی رۆژانە؟ ئەوە گاڵتەیە. هەموو شتێک زۆر خراپە. تەنیا هەوڵدەدەین لە ژیاندا بمێنینەوە."



