رووداو دیجیتاڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوا لە ئیسرائیل و ئێران دەکات کۆتایی بە هێرشە یەک لەدوای یەکەکانیان بهێنن و رایگەیاند، دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە "ئاشتی" لە قۆناغی کۆتاییدان. دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: "هەردوو لایەن، ئیسرائیل و ئێران، هەوڵی ئاگربەستێکی دەستبەجێ دەدەن! دانوستانە کۆتایییەکانی تایبەت بە 'ئاشتی' لە بەڕێوەچووندان، مەگەر تەنیا نەزانی یان گەمژەیی ببێتە ڕێگر لەبەردەمیاندا." سەبارەت بە بەردەوامیی گوشارەکانی واشنتن بۆ سەر تاران، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو گەیشتن بە رێککەوتن، سزاکان لانابرێن و گوتی: "گەمارۆکە وەک خۆی و بە تەواوی هێز و کاریگەرییەوە دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی دەگەینە 'ڕێککەوتنی کۆتایی'. پێویستە کارەکان بە خێرایی بچنە پێشەوە." ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەردوولا بە خێرایی هەنگاو بەرەو رێککەوتن بنێن بۆ ئەوەی رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری شەڕەکە بگرن. ئەو لێدوانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، شەوی یەکشەممە، 7ـی حوزەیرانی 2026 بۆ یەکەمجار لەدوای ئاگربەستی مانگی نیسان، زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری ئیسرائیلدا لێدرا، دوای ئەوەی سوپای ئەو وڵاتە هەوڵیدا بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکیی بەرفراوانی ئێران بداتەوە. سوپای پاسداران هێرشەکەی بە "ئاگادارکردنەوەیەک" وەسفکرد، لە تۆڵەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووت. لەبەرامبەردا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دامەزراوەی پێترۆکیمیایی کارون لە بەندەری ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران.
جیهان08-06-2026ترەمپ: ئیسرائیل و ئێران ئاگربەستیان دەوێت و گەمارۆش تاوەکو رێککەوتنی کۆتایی بەردەوام دەبێت