رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی نوێی
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی باس لەوە دەکات، ئیسرائیل دەستی کردووە بە
سیخوڕیکردن بەسەر ئەو بەرپرسە باڵایانەی ئەمریکاوە کە سەرقاڵی دانوستاندنن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران. ئەمەش وایکردووە پێنتاگۆن ئاستی هۆشیاری
لە بەرامبەر مەترسییەکانی سیخوڕی بۆ ئەو پەڕی بەرز بکاتەوە.
ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر
کێوە دەکات؟
بەپێی راپۆرتە
هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، کە نیویۆرک تایمز باسیان دەکات، ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکاوە چڕتر کردووەتەوە. ئەو کەسانەی کراونەتە
ئامانج بریتین لە:
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و گەورە دانوستاندنکاری دۆناڵد
ترەمپ.
ئێلبرێج کۆلبی، گەورە بەرپرسی سیاسەتەکانی پێنتاگۆن.
مایکڵ دیمینۆ، بەرپرسی
سیاسەتەکانی پێنتاگۆن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
هەرچەندە ئەمریکا و
ئیسرائیل مێژوویەکی درێژیان هەیە لە سیخوڕیکردن بەسەر یەکدییەوە و تاڕادەیەک
چاوپۆشییان لە یەکدی کردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هەوڵەکانی ئەم دواییەی
ئیسرائیل بۆ زانینی نهێنییەکانی ئەمریکا لە دانوستاندنەکاندا لەگەڵ
ئێران، "هێڵی سووریان بەزاندووە".
چۆن سیخوڕییەکە ئاشکرا
بوو؟
راپۆرتێکی ئاژانسی
هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا (DIA) دەڵێت، ئەو کارمەندانەی
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کە لە ئیسرائیل کار دەکەن، بۆیان دەرکەوتووە کە بە نهێنی
پرۆگرامی سیخوڕی و گوێگرتن خراوەتە نێو مۆبایلەکانیانەوە. بۆیە ئێستا دەزگاکانی
هەواڵگریی ئەمریکا، ئاستی مەترسیی سیخوڕیی ئیسرائیلیان لە "بەرز"ـەوە بۆ
"زۆر مەترسیدار" گۆڕیوە.
ئیسرائیل تەنیا ئێستا
ئەم کارەی نەکردووە، بەڵکو راپۆرتەکە دەریدەخات کە لە ساڵی 2021 ئەفسەرانی
هەواڵگریی سەربازیی ئیسرائیل ویستوویانە ئامێری گوێگرتن لەنێو بارەگای (DIA) دابنێن. ساڵی رابردووش، ئەفسەرانی دەزگای
هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) هەوڵیانداوە ئامێری گوێگرتن بخەنە نێو
ئۆتۆمبێلێکی دەزگای نهێنیی ئەمریکاوە کە
کاری سەرەکیی دەزگاکە پاراستنی سەرۆک و بەرپرسانی هەرە باڵای ئەمریکایە.
هۆکاری ئەم سیخوڕییە
چییە؟
ئەم هەواڵە لە کاتێکی
زۆر هەستیاردا بڵاو دەبێتەوە. ئێستا سەربازانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە لە یەک
ژووری ئۆپەراسیۆندا کار دەکەن و زانیاریی سەربازیی زۆر هەستیار ئاڵوگۆڕ دەکەن. بەڵام
کێشەکە ئەوەیە ئامانجی دوو وڵاتەکە لە شەڕی ئێراندا جیاوازە:
ئەمریکا دەیەوێت بە لێدانی توانای سەربازیی ئێران، تاران ناچار بکات بێتە سەر مێزی دانوستاندن و کێشەکان بە رێککەوتن چارەسەر بکات.
ئیسرائیل دەیەوێت بەردەوام بێت لە لێدانی
ئێران تاوەکو حکومەتەکەی دەڕووخێت. بۆیە ئیسرائیل دەیەوێت پێشوەختە بزانێت ترەمپ چ پلانێکی هەیە و لە دانوستاندنەکاندا
بە چی رازی دەبێت.
هەڵەی بەرپرسانی
ئەمریکا
بەرپرسێکی پێشووی
ئەمریکا بە نیویۆرک تایمزی گوتووە، بەشێک لە کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ خودی بەرپرسانی
ئیدارەی ترەمپ. ئەوان زۆرجار بە فڕۆکەی تایبەتی خۆیان گەشت دەکەن، مۆبایلە تایبەتەکانی
خۆیان بۆ کاری هەستیار و ئەمنی بەکاردەهێنن و رەتیشیدەکەنەوە پاسەوان و ستافی
باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات یاوەرییان بکەن، ئەمەش وایکردووە ببنە
نێچیرێکی ئاسان بۆ دەزگا سیخوڕییەکان.
هەرچەندە کۆشکی سپی و باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن ئەم هەواڵانە
رەتدەکەنەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، ئاستی مەترسیی سیخوڕیی ئیسرائیل بۆ
سەر ئەمریکا ئێستا گەیشتووەتە ئاستی وڵاتە دوژمنەکان.



