رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، رۆژی یەکشەممە لە لەندەن پێشوازی لە ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی؛ ئیمانوێل ماکرۆن و فریدریش مێرتز دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە بۆ تاوتوێکردنی هاوکارییە سەربازییەکانە بۆ کیێڤ. ئەمەش دوای ئەوەی ڤلادیمێر پووتین پێشنیازی گفتوگۆی رووبەڕووی رەتکردەوە.
رۆژی یەکشەممە 7ـی حوزەیرانی 2026، کییەر ستارمەر لە (داونینگ ستریت) میوانداری سەرۆککۆماری فەرەنسا و راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی ئۆکراینا دەکات. بەریتانیا و فەرەنسا ئێستا سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەک دەکەن بۆ دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا وەک بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، پووتین رۆژی هەینی رایگەیاند، کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەگەڵ زیلینسکی هیچ سوودێکی نابێت.
هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە دیپلۆماسییەکان، ئۆکراینا رۆژی شەممە هێرشێکی درۆنیی بەرفراوانی کردە سەر شاری سانت پترسبۆرگ، کە دووەم گەورەترین شاری رووسیایە. لە بەرامبەردا، هێزەکانی رووسیا نزیکەی 30 جار بە تۆپ و درۆن هێرشیان کردە سەر ناوچەی دنیپرۆپێترۆڤسک، کە بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆتایی هەفتەی رابردوو سەرۆکی ئۆکراینا داوای کۆبوونەوەیەکی رووبەڕووی لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی کردبوو، بەڵام پووتین رەتیکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان پووتین و زێلێنسکی هەنگاوێکی "ناوازە" دەبێت، بەڵام ترەمپ ئێستا زیاتر سەرنجی لەسەر گفتوگۆکانە لەگەڵ ئێران. ستارمەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ زێلێنسکی، هێرشەکانی رووسیای سەرکۆنە کرد و جەختی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وەک پۆڵەندا کردەوە. ستارمەر دەڵێ: "هیچ ئاڵنگارییەک گەورەتر نییە لە دەستدرێژییەکانی رووسیا، کە کاریگەرییەکەی تەنیا لەسەر ئۆکراینا نییە، بەڵکو هەموو وڵاتانی گرتووەتەوە."
جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا زیاتر لە پێنج ساڵە بەردەوامە. لە کاتێکدا ئەمریکا سەرقاڵی جەنگی ئێرانە، وڵاتانی ئەورووپا هەوڵ دەدەن رێڕۆی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراینا بەردەوام بن.



