رووداو دیجیتاڵ
لە شاری تۆلیدۆ لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا، لە نزیک فێستیڤاڵێکی جەماوەری تەقە کرا و بەهۆیەوە لانیکەم 12 کەس بریندار بوون. پۆلیس دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ گومانلێکراوێکیان دەستگیر نەکردووە.
رۆژی شەممە، لە کاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی (ئۆڵد وێست ئێند) لە شاری تۆلیدۆ، شەڕە تەقە لەنێوان دوو کەسدا روویدا. جۆزێف هێفەرنان، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە بە میدیاکانی راگەیاند: "12 کەس برینداربوون و تەندروستیی دووانیان ناجێگیرە."
بەپێی گوتەی پۆلیس، وا دەردەکەوێت تەقەکەرەکان تەقەیان لە یەکدی کردبێت و بەو هۆیەوە گولـلە بەر خەڵکی دەوروبەر کەوتووە و بریندار بوون.
دان گێرکن، ئەفسەری پۆلیس لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکان رایگەیاند، تەمەنی زۆربەیان لە سەرەتای بیستەکاندایە و گوتی: "برینداربوونی 12 کەس لە یەک کات و لە یەک رووداودا کارەساتە."
ئێستا هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان گەمارۆ داوە و سەرقاڵی پشکنینی ڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری و مۆبایلی شایەتحاڵەکانن بۆ ئەوەی ناسنامەی تەقەکەرەکان ئاشکرا بکەن و دەستگیریان بکەن.
فێستیڤاڵی (ئۆڵد وێست ئێند) بۆنەیەکی ساڵانەی ناسراوە بۆ میوزیک و کولتوور کە لە ناوچە مێژووییەکانی شاری تۆلیدۆ بەڕێوەدەچێت. پۆلیس دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی هێزێکی زۆری ئەمنی لە شوێنەکەدا جێگیر کرابوون، بەڵام نەیانتوانیوە رێگری لەو رووداوە بکەن.



