رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی ئەمریکا دوو زانای باڵای پەیمانگە نیشتمانییەکانی تەندروستی (NIH) بە پیلانگێڕی بۆ قاچاخچێتی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون بۆ ناو وڵاتەکە تۆمەتبارکرد. توێژەرەکان لە ئەفریقاوە چووبوونە ئەمریکا و تۆمەتبارن بەوەی لە فڕۆکەخانە درۆیان لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی سنووردا کردووە.
رۆژی شەممە 6ـی حوزەیرانی 2026، دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا وردەکاریی دۆسیەکەی ئاشکرا کرد کە تێیدا ڤینسنت مەنستەر (تەمەن 53 ساڵ) و کڵود کوی (تەمەن 38 ساڵ)، توێژەر لە تاقیگەی سەلامەتیی بایۆلۆژیی (Rocky Mountain) لە مۆنتانا، رووبەڕووی تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ قاچاخچێتی و درۆکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە. سکاڵاکە لە بنەڕەتدا لە 17ـی ئاداردا تۆمار کرابوو، بەڵام لە 2ـی حوزەیراندا لە دادگەی فیدراڵیی میشیگن ئاشکرا کرا.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگە، رووداوەکە لە 25ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا دەستیپێکردووە، کاتێک مەنستەر (هاووڵاتیی هۆڵەندا و سەرۆکی بەشی ئیکۆلۆژیی ڤایرۆسەکان) و کوی (هاووڵاتیی کامیرۆن و توێژەر لە هەمان بەش) لە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی دێڵتا لە گەشتێکدا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆوە گەیشتنە فڕۆکەخانەی دیترۆیت، کە لەو کاتەدا ئەو وڵاتە رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموون ببووەوە.
کاتێک بەرپرسانی گومرگ و پاراستنی سنوور (CBP) پرسیاریان لێکردن لەبارەی سندوقێکی گەورەی پلاستیکی رەش، توێژەرەکان بە درۆ گوتوویانە، تەنیا کەرەستەی تاقیکردنەوە و دەستنیشانکردنی تێدایە. مەنستەر بە ئەفسەرەکانی گوتبوو، بەڵگەنامە فەرمییەکان لەسەر لاپتۆپەکەیەتی بەڵام "پێویستتان پێی نییە، من هەمیشە ئەمە دەکەم."
دوای پشکنین، لێکۆڵەرانی ئێف بی ئای (FBI) و گومرگ 113 شووشەی تاقیگەیان لەناو سندوقەکەدا دۆزییەوە. تاوەکو ئێستا ئێف بی ئای پشکنینی بۆ 20 شووشە کردووە؛ دەرکەوتووە 17یان ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیموونی ناچالاکی تێدایە (کە ناتوانێت مرۆڤ تووش بکات)، یەکێکیان ڤایرۆسی مێکوتە و دووانیشیان تەنیا دی ئێن ئەی مرۆڤ بوون.
جێرۆم جۆرجن، داواکاری گشتیی ئەمریکا بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی میشیگن رەخنەی تووندی لە توێژەرەکان گرت و گوتی: "ئەم پسپۆڕانەی NIH بە قاچاخبردنی ڤایرۆس لە گەشتێکی قەرەباڵخی بازرگانیدا لە کۆماری کۆنگۆوە، بە ئاشکرا یاساکانی ئێمەیان پێشێل کرد." هەروەها بەرپرسانی ئێف بی ئای رایانگەیاند، پێگە و لایەنی پیشەیی هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە.
مارکس سایکس، لێکۆڵەری وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، هەوڵی شاردنەوە و بردنی کەرەستەی بایۆلۆژی بەبێ مۆڵەت پێشێلکردنی متمانەی گشتییە و مەترسی بۆ سەر خەڵک دروست دەکات. ئەگەر بەم تۆمەتانە تاوانبار بکرێن، هەریەک لە توێژەرەکان رووبەڕووی سزای تاوەکو پێنج ساڵ زیندان دەبنەوە.
ئەم رووداوە گرژیی سیاسی لە ئەمریکا دروستکردووە. سیناتۆر تیم شیھی داوای لێکۆڵینەوەی تەواوی لە تاقیگەکانی رۆکی ماونتن کرد و رایگەیاند: "نامانەوێت مۆنتانا ببێتە ووهانێکی دیکە."
لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە توێژەرانی هاوپیشەیان، وەک ماریۆن کۆپمانز و کریستیان ئەندرسن، پێیان وایە کە تۆمەتەکان زیادهڕۆییان تێدا کراوە و کێشەکە زۆر بچووکە، چونکە ڤایرۆسەکان ناچالاک کرابوون و تەنیا بۆ بەکارهێنانی دەستنیشانکردنی تاقیگەیی گونجاو بوون. بەڵام دانیان بەوەدا نا کە هەڵە بووە لەبری رێگەی فەرمی، لە جانتا بگوازرێنەوە. توێژەرەکان لە 3ـی حوزەیراندا لە مۆنتانا بێتاوانیی خۆیان راگەیاند و بڕیارە لە 24ـی حوزەیرانی داهاتوودا لە میشیگن لەبەردەم دادگە ئامادە بن.


.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)