رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوان لە پارێزگای حەمای سووریا، بە فەرمی رێکخستن و بانگەشەکردن بۆ خولەکانی سەمای رۆژهەڵاتی (Belly dancing) لە تەواوی پارێزگاکەدا قەدەخە کرد.
بەگوێرەی گشتاندنێکی فەرمی کە واژۆی مەکرەم کیلانی، بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی حەمای لەسەرە، بڕیاردراوە بە قەدەخەکردنی هەر جۆرە خولێکی فێربوونی سەمای رۆژهەڵاتی لە هۆڵە وەرزشییەکان، سەنتەرەکانی لەشجوانی و ناوەندە تایبەتەکاندا.
لە گشتاندنەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە دوای ئەوە دراوە کە تێبینی کراوە چەندین ناوەند بانگەشە بۆ خولی سەمای رۆژهەڵاتی دەکەن. بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت ئەم چالاکییانە "بە پێچەوانەی یاسا و سیستم و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانە."
هەروەها هۆشداریی تووند دراوەتە خاوەن هۆڵەکان، کە هەر سەرپێچییەک رووبەڕووی سزای یاسایی و کارگێڕییان دەکاتەوە و رەنگە بگاتە ئاستی داخستنی یەکجاریی هۆڵەکان. لە بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە کە گۆڕینی ناوی خولەکان بۆ هەر ناوێکی بیانی یان جێگرەوە بە مەبەستی خۆدزینەوە لە بڕیارەکە، سوودی نابێت و سزاکان دەیانگرێتەوە.
کاردانەوەکان
ئەم بڕیارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە. چالاکوانان و رەخنەگران وەک "سەرکوتکردنی ئازادییەکان" سەیری ئەم هەنگاوە دەکەن.
رەخنەگران پێیان وایە ئەم بڕیارە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئیدارەی کاتی بۆ سەپاندنی ئەجێندایەکی کۆمەڵایەتیی کۆنەپارێزانە و سنووردارکردنی ئازادییە کولتووری و کەسییەکان لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیاندایە.

.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)