رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دیاری کورد لە بەرلەمانی بەرلین، بۆ هەڵبژاردنی مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ جارێکی دیکە خۆی بەربژێر دەکاتەوە و داوای پشتیوانی دیاسپۆرای کوردی دەکات.
ژیان عومەر، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی بەرلین، رایگەیاند کە سەرەڕای ئەو هەڵمەتەی دژی دەکرێت، جارێکی دیکە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2026 پەرلەمانی بەرلین بەربژێر دەکاتەوە.
ئەو سیاسەتڤانە دیارەی کورد کە وەک بەربژێری راستەوخۆی پارتی سەوز بەشداری دەکات، جەختی لەسەر بەرنامەی کاری خۆی کردەوە کە بریتییە لە داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە ئەڵمانیا، بەرلین و دیاسپۆرا بە گشتی. ژیان عومەر ئاماژەی بە ژمارەی زۆری کورد لە ئەڵمانیا کرد کە نزیکەی دوو ملیۆن کەسە و لە بەرلینیش لەنێوان 100,000 بۆ 200,000 کەس دەبن، کە هەوڵدەدات نوێنەرایەتییان بکات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی بەرلین رایگەیاند کە وەک چۆن لە چوار ساڵی رابردوودا کاری کردووە، بەردەوام دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی دەنگی کوردان و پاراستنی بەرژەوەندی، زمان و کولتووری کوردی.
ژیان عومەر، لە چەند ساڵی رابردوودا داوای پڕۆژەی فەرمی لە ویلایەتەکەیدا بۆ زمانی کوردی کردووە و هەوڵی گرنگیدانی بە زمانی کوردی لە شاری بەرلین داوە.

.png&w=3840&q=75)
