رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی دەڵێ، کۆشکی سپی ئاماژەی ئەرێنی لە تارانەوە پێگەیشتووە، هەروەها نێردەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پرسی ئێران، بە نهێنی لەگەڵ زانا ئەتۆمییەکانی ئەمریکا لە ویلایەتی تێنیسی کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ تیمێکی شارەزایانی تەکنیکی قسە بکەن کە ئەگەر واشنتن و تاران رێکبکەون، رۆڵی گرنگیان لە دانوستاندنی ئەتۆمیدا هەبێ.
ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی پێنجشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2026، هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردەکانی ترەمپ چوونەتە تاقیگەی نیشتمانیی ئۆک ریج لە ویلایەتی تێنیسی.
کۆشکی سپی هەوڵ دەدات بگاتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی شەڕەکە کۆتایی پێبهێنێت و دەست بە دانوستاندنی قووڵی ئەتۆمی بکات، بۆیە دەیەوێ شارەزایانی بۆ ئەو کاتە ئامادە بن کە گفتوگۆکان دەستپێدەکەن.
سەرچاوەکان بە میدیا ئەمریکییەکەیان گوتووە، هەردوو وڵات هێشتا لەسەر چەند وردەکارییەکی رێککەوتنەکە ناکۆکن.
ئەگەرچی دانوستاندنەکان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا دەگەنە رێککەوتن یان نا.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی گوتووە: "کۆبوونەوەکەی ئۆک ریج بەو واتایە نایەت کە رێککەوتن دەکرێ، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە دانوستاندنەکان زۆر جیدین و دەرفەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن. ئێمەش دەمانەوێ ئامادە بین."
لە پشت پەردەوە چی دەگوزەرێ؟
بە گوێرەی راپۆرتەکە، رۆژی پێنجشەممە ویتکۆف بێ راگەیاندنی پێشوەختە چووەتە تێنیسی، دواتر دوو بەرپرسی ئەمریکی پشتڕاستیان کردەوە کە لەگەڵ کوشنەر سەردانی دامەزراوەکانی وەزارەتی وزەیان لە ئۆک ریج کردووە.
تاقیگەی نیشتمانیی ئۆک ریج، باشترین شارەزایانی ئەمریکای تێدایە لە بواری ئامادەکردنی یۆرانیۆم و تەکنەلۆجیای سەنتەرفیوجدا. پێشتریش کەرەستە و مادە ئەتۆمییەکانی وڵاتانی وەک کازاخستان و لیبیا براونەتە ئەوێ.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بەم دواییە تیمێکی نزیکەی 100 شارەزای ئەتۆمی پێکهێندراوە بۆ ئەوەی لە دانوستاندنی ئەتۆمیدا بەشدار بن، ئەگەر رێککەوتنێکی سەرەتایی بکرێ. نێردەکانی ترەمپیش بۆ دیداری ئەو تیمە و ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە چوونەتە ئەوێ.
کێشە و خاڵە ناکۆکەکان چین؟
هەفتەی رابردوو، ویتکۆف و کوشنەر لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان رێککەوتن لەسەر لێکتێگەیشتنێکی 60 رۆژە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست، کردنەوەی تەنگەی هورمز، رێگەدان بە ئێران بۆ فرۆشتنی نەوت و دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران.
بەڵام رۆژی هەینیی رابردوو، ترەمپ داوای دوو هەموارکردنەوەی لە رێککەوتنەکە کرد. ئێرانیش گوتی، ئەوانیش داوای دەستکاریکردن دەکەن. ئێستا ئەمریکا چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی ئێرانە، بەڵام سەرچاوەکان بە ئەکسیۆسیان گوتووە، جیاوازییەکان زۆر نین.
بۆ نموونە، وەک لە راپۆرتەکەدا باس کراوە، ترەمپ داوای کردووە لە رێککەوتنەکەدا کاتی 60 رۆژ دابندرێ بۆ ئەوەی ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی دابەزێنێت، بەڵام ئێرانییەکان دەیانەوێ ئەو ماوەیە 90 رۆژ بێت.
کێشەیەکی دیکە، بە گوێرەی ئەکسیۆس، لەسەر پارە سڕکراوەکانی ئێرانە. ئەمریکا دەڵێ کاتێک رێککەوتنی کۆتایی کرا و هەنگاوی کرداری نرا پارەکە ئازاد دەکات، بەڵام ئێرانییەکان دەیانەوێ بەشێک لە پارەکە دەستبەجێ ئازاد بکرێت.
موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران بە کەناڵی CNNـی گوتووە، کێشەی سەرەکی ئێستا لەسەر پارە سڕکراوەکەیە و "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ترەمپدایە".
ئەگەر رێککەوتن بکرێت چی دەبێ؟
ئەگەر قۆناخی دووەمی دانوستاندن دەستپێبکات، ئەو تیمە شارەزایەی نێردەکانی ترەمپ بینیویانە، دەبێت پلانێک دابڕێژن بۆ ئەوەی بزانن چۆن مادە ئەتۆمییەکانی ئێران لەنێوببرێن، چۆن بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکرێ و چۆنیش چاودێری بکرێ.
بەرپرسانی ئەمریکا بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، بەشێک لەو شارەزایانەی لە تێنیسی هەن، هەمان ئەو کەسانەن چەند هەفتەیەک لەمەوبەر یۆرانیۆمی پیتێندراویان لە ڤەنزوێلاوە بردوەتە ئەمریکا. هەروەها هەندێکیان پێشتر لەگەڵ کوشنەر و ویتکۆف لە عومان بوون لە کاتی دانوستاندنی ئەتۆمی پێش دەستپێکردنی شەڕەکە.
بەرپرسێکی ئەمریکی گوتوویەتی: "ئەمانە باشترین شارەزایانی ئەتۆمیی ئەمریکان کە دەزانن چۆن ئەو کارە تەکنیکییانە بکەن کە بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران پێویستن."
هەرچەندە کۆشکی سپی ئاماژەی ئەرێنی لە دانوستاندنکارانی ئێرانەوە پێگەیشتووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە ناکۆکیی ناوخۆیی لە تاران هەیە لەسەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا.


.jpg&w=3840&q=75)