رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی چەکی بە ئێران دابێت، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە تاران هیچ کارێکی هەڵەی نەکردووە تاوەکو ببێتەهۆی ئەوەی ئەمریکا هێرشی بکاتەسەر، هاوکات هیوای خواست ئاگربەستەکەی ئێستای نێوان هەردوو وڵات ببێتە هۆی گەیشتن بە ئاشتییەکی درێژخایەن.
رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، لە (کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی سان پیتەرسبۆرگ)، کاتێک پرسیار لە پووتین کرا کە ئایا هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دنەدەرانە بوو؟ لە وەڵامدا گوتی: "من هیچ دندەدانێک لەلایەن ئێرانەوە نابینم."
پووتین ستایشی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ راگرتنی شەڕ و گوتی: "ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو بڕیارەی سەرۆک ترەمپ بۆ راگرتنی کردە سەربازییەکان دای، بڕیاری راست و دروست بوو. ئێمە زۆر هیوادارین ئەم ئاگربەستەی ئێستا هەیە، ببێتە هۆی واژۆکردنی رێککەوتننامەیەکی ئاشتیی درێژخایەن."
پووتین هەروەها رەتیکردەوە رووسیا لە کاتی شەڕەکەدا چەکی دابێتە ئێران و گوتی، تاران شتی لەو جۆرەی داوا نەکردووە.
ئەگەرچی هەندێک راپۆرت باسیان لەوە دەکرد کە مۆسکۆ پاڵپشتیی هەواڵگری و تەکنیکیی پێشکێشی ئێران کردووە، کرێملین جەخت دەکاتەوە کە پاڵپشتییەکانی رووسیا تەنیا لە رووی سیاسییەوە بوون.
سەرۆکی رووسیا وەک جەختکردنەوەیەک لە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی، گوتی: "ئێران مافی خۆیەتی بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیانەی هەبێت و ئێمەش لەم بوارەدا هاوکاریی ئێران دەکەین. ئێمە پێشتر هاوکاربووین لە دامەزراندنی یەکەیەکی وێستگەی وزەی ئەتۆمی لە بووشێهر کە ئێستا کار دەکات و بەردەوامیشین لە دروستکردنی دوو یەکەی دیکە."
کۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی سان پیتەرسبۆرگ لە 3 تاوەکو 6ـی حوزەیران بەڕێوەدەچێت، کە گەورەترین رووداوی ئابووریی ساڵانەیە لە رووسیا و هەزاران شارەزا و بڕیاربەدەست لە سەرانسەری جیهانەوە تێیدا بەشدار دەبن.


