رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی ئەورووپا پلانێکی ستراتیژیی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای ئەمریکی و ئاسیایی راگەیاند. بەگوێرەی پلانەکە، لە گرێبەستە گشتییە هەستیارەکاندا، لەمەودوا پێشینە دەدرێتە کۆمپانیا ئەورووپییەکان، بەتایبەتی لە بوارەکانی کڵاود و ژیریی دەستکرد.
کۆمیسیۆنی ئەورووپا پاکێجێکی بەناوی "سەروەریی تەکنەلۆژی" راگەیاندووە. ئامانجی ئەم هەنگاوە گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی و گەیشتنەوەیە بەو کاروانە تەکنەلۆژییەی کە ئێستا کۆمپانیاکانی ئەمریکا و چین رێبەرایەتی دەکەن.
مەترسیی "دوگمەی بڕین"ـی ئەمریکا
ئەم بڕیارەی برۆکسل دوای ئەوە دێت کە دەرکەوتووە زیاتر لە 80%ـی بەرهەم، خزمەتگوزاری و ژێرخانە دیجیتاڵییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە دابین دەکرێن.
بەرپرسانی ئەورووپا نیگەرانن لەوەی ململانێکانیان لەگەڵ چین لەسەر "چیپ" و "کانزا دەگمەنەکان" کاریگەریی خراپیان لەسەر ئاسایشی کیشوەرەکە هەبێت. هاوکات ترسی ئەوەیان هەیە لە داهاتوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەنا بۆ "دوگمەی بڕین" بەرێت و خزمەتگوزارییەکانی کڵاود لەسەر ئەورووپا رابگرێت.
ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "ناتوانین بۆ ئەو تەکنەلۆژیایانەی نەخۆشخانەکانمان بەڕێوەدەبەن، تۆڕەکانی وزەمان جێگیر دەکەن و خزمەتگوزارییەکانمان دەپارێزن، پشت بە کەسانی دیکە ببەستین."
هەژموونی سێ لایەنە ئەمریکییەکە
ئێستا سێ کۆمپانیای ئەمریکی (Amazon Web Services، Microsoft Azure، و Google Cloud) نزیکەی 70٪ی خزمەتگوزارییەکانی کڵاود لە ئەورووپا دابین دەکەن.
هێنا ڤیرکونن، بەرپرسی باڵای سەروەریی تەکنەلۆژی لە یەکێتیی ئەورووپا، رایگەیاند، ناتوانن شەو و رۆژێک کۆتایی بەو پشتبەستنە بهێنن، بەڵام گوتی، "بۆ سێکتەرە زۆر هەستیارەکانی وەک بەرگری، زۆر گرنگە کە ئەورووپییەکان خۆیان خزمەتگوزارییەکان دابین بکەن."
پاکێجە نوێیەکەی یەکێتیی ئەورووپا ئەمانە لەخۆدەگرێت:
ژیریی دەستکرد و کڵاود: هاندانی دروستکردنی سەنتەری داتا لەناو خاکی ئەورووپادا.
چیپ و نیمچە گەیەنەرەکان: زیادکردنی خواست لەسەر ئەو چیپانەی لە ئەورووپا بەرهەم دەهێنرێن.
نەرمەکاڵا سەرچاوە کراوەکان: هاندانی کەرتی گشتی بۆ بەکارهێنانی ئەو پرۆگرامانەی کە کۆنترۆڵ و نەرمیی زیاتریان تێدایە.
سەنتەری داتا: هەوڵدان بۆ سێ هێندەکردنی توانای سەنتەرەکانی داتا لە پێنج بۆ حەوت ساڵی داهاتوودا.
کاردانەوەی تووندی واشنتن و کۆمپانیاکان
ئەم هەنگاوەی ئەورووپا بە خێرایی تووڕەیی لایەنە ئەمریکییەکانی لێکەوتەوە. گرووپی گوشار (CCIA Europe) کە نوێنەرایەتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیای ئەمریکا دەکات، بڕیارەکەی بە "جیاکاری" ناوبرد.
دانیال فریدلاندەر، نوێنەری ئەو گرووپە دەڵێت، ئەم یاسایە دەستێکی کراوە دەداتە وڵاتانی ئەورووپا بۆ ئەوەی کۆمپانیا جیهانییە جێمتمانەکان لە بازاڕەکانیان دەربکەن.
گۆڕانی ستراتیژیی برۆکسل
ئەم بڕیارە نوێیانە نیشاندەری گۆڕانکارییەکی گەورەن لە سیاسەتی برۆکسل؛ لە "رێکخستن و چاودێریکردنی کۆمپانیاکان"ەوە بۆ "پشتیوانیکردنی راستەوخۆی بەرهەمی ناوخۆیی".
وەک هەنگاوێکی سەرەتایی، پەرلەمانی ئەورووپا رایگەیاند، لەمەودوا بزوێنەری گەڕانی "Qwant"ی فەرەنسی دەبێتە بزوێنەری سەرەکی (Default) لەسەر وێبگەڕەکانی وەک فایەرفۆکس و مایکرۆسۆفت ئێج، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گووگڵ.
پێشبینی دەکرێت ئەم پلانە دوای پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمان و وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، ببێتە یاسایەکی کارا و گۆڕانکاریی ریشەیی لە نەخشەی تەکنەلۆژیای جیهانیدا دروست بکات.



